زاری کرمانجی – وەرزش :
لیۆنێل مێسی، دوای 36 ساڵ خەونی هەوادارانی وڵاتی زیوی دەستەبەر کرد، کاتێک بۆ جارێکی دیکە نازناوی جامی جیهانی گەڕاندەوە باوەشی بۆینس ئایرس.
دواجار کە تانگۆ بووە پاڵەوان ساڵی 1986 و، لەسەر خاکی مەکسیکییەکان بوو، مێسی لە جامی جیهانی 2022 بە شێوەیەک درەوشایەوە، کە کەم کەس پێشبینی کردبوو، لیۆ توانی 7 جار خۆشییەکی نەپچڕاوە بخاتە دڵی هەوادارانی ئارجێنتینا بەوەی 7 جار تۆڕی ڕکابەرەکانی هەژاند و سێ ئاسیستی بەخشییە هاوڕێکانی.
هاندەرانی ئارجێنتینا، بەشێوەی جیاواز ئاهەنگی بردنەوەی نازناوەکەیان گێڕا و لە سەرجەم شەقامەکانیان وێنە هەڵواسراوەکانی ئەفسانە لیۆ و، پاڵەوانەکانی وڵاتی زیویان دەبینرێن و، هێشتا ئاهەنگگێڕان لەوێ ماوە پەیتا پەیتا لەکوچهـ و، کۆڵانەکان یادی ئەو نازناوە مێژووییە دەکەنەوە.
پێگەی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی، ئاشکرایکردووە کە هێشتا ئاهەنگی جەماوەری وڵاتی زیو، خامۆش نەبوونە و، لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن لیۆ مێسی، بکەن بە سەرۆکی داهاتووی وڵات.
ئەو پێگە فەڕەنسییە، پشت ئەستوورە بە ڕاپرسییەکی کۆمپانیای ” Giacobbe Consultores“ ی ئارجێتنیی، بەوەی ئایا هاندەران پێیان باشە؟ مێسی ببێتە سەرۆکی داهاتووی وڵات.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە 44% هاندەران بەڵێیان بۆ ئەوە کردووە مێسی ببێتە کەسی یەکەمی وڵات و 38% ڕەتیانکردۆتەوە، 17.5% بە لەوانەیە وەڵامیان داوەتەوە.
بۆ جاری دووەم کۆمپانیای ناوبراو بە شێوازێکی جیاوازتر لە پاڵ 10 کەسایەتی سیاسی وڵات کە سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەشی تێدایە دووبارە مێسی زۆرینەی دەنگەکانی بردەوە .
لەئێستادا ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی وڵاتی ئارجێنتینایە پێ دەنێتە چوارەم ساڵی دەسەڵاتی خۆی، بەڵام ناڕەزایی زۆری دانیشتووان بەهۆی قەیرانی ئابووری وڵات هەیە.