” گشتپرسی پرۆسەیەكی دیموكراسیە و مافی هەموو گەلێكە بڕیار لە بارەی سەربەخۆیی خۆی بدات “
ڕاپۆرت- زاری كرمانجی
رێبوار مشیرگوانی، چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “گشتپرسی یان ڕیفراندۆم، پرۆسەیەكی دیموكراسییە كە خەڵك ڕاستەوخۆ دەنگ دەدەن لەسەر بڕیارێكی گرنگ، وەك سەربەخۆیی، دەستوور، یان گۆڕانكارییەكی سیاسیی گەورە، لە هەرێمی كوردستانی عێراق، یەكێك لە رووداوە گرینگەكان كە زۆربەی خەڵكی كوردستان شانازی پێوە دەكات گشتپرسی سەربەخۆیی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ بوو لە مێژووی نوێیدا، بە ڕابەرایەتی سەرۆك”مەسعود بارزانی”
دەشڵێت: “گشتپرسییەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕێكخرابوو پرسیارەكە ئەمە بوو: ئایا دەتەوێت هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان ببنە دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ خەڵكی هەرێم و بەشێكی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەك كەركوك، خانەقین، سنجاڕ و مەخموور دەنگیان دا. بەپێی ئەنجامەكان، نزیكەی ٧٢٪ی دەنگدەران بەشداربوون و زیاتر لە ٩٢٪ ی خەڵك بە «بەڵێ» دەنگیان دا.
بەڵام ئەوەی جێگای داخە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە دڵخۆشكەرەكەی گشتپرسی حكومەتی ئەوكاتی عێراق گشتپرسییەكەی بە نایاسایی زانی و لایەنێكی ناوخۆیی خاكفرۆش رێكەوتنیان لەگەڵ حەشد و حكومەتی بەغدا ئەنجامدا بە ڕادەستكردنی بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان هەروەها لایەنە نێودەوڵەتیەكان پشتیان لەهەرێم كرد، وڵاتانی دراوسێ پشتگیری حكومەتی عێراقیان كرد و گشت دەروازە سنووریەكانیان داخست.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “جگە لە گشتپرسی ساڵی٢٠١٧، لە ساڵی ٢٠٠٥یش گشتپرسییەكی نافەرمی لەسەر سەربەخۆیی لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام كاریگەریی یاسایی ڕاستەوخۆی نەبوو. بە گشتی، گشتپرسی 25ی ئەیلولی ٢٠17 خواست و ئاواتی زۆرێك لە خەڵكی كوردستانی دەربڕی، بەڵام بەهۆی مەرجە سیاسی و نێودەوڵەتییەكانەوە نەگەیشتە ئامانجی سەربەخۆیی، ئەم بابەتە هێشتا بەشێكە لە گفتوگۆ سیاسی و مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەنجامی ڕیفراندۆم وەك تاپۆیەكی ڕەش لە نێو هزر و بیری گشت ئازادیخوازانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ماوەتەوەو خەونی ئازادییان بۆ هەڵچنیووە.
ئەشقی مەلا بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدانی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ؛ “لە مێژووی گەلاندا هەندێك ڕۆژ هەن كە تەنها بە ژمارەیەك لە ڕۆژەكانی ساڵ ناژمێردرێن، بەڵكو دەبنە بەشێك لە یادەوەریی نەتەوەیی و سیاسیی گەل. بۆ گەلی كوردستان، ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ یەكێك لەو ڕۆژانەیە كە گەلی كوردستان بەشداریی لە پڕۆسەیەكی گشتیی دەنگدان كرد و خواستی خۆی سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی خۆی دەربڕی. گەلی كورد، وەك هەر گەلێكی دیكەی جیهان، لە دیدی خۆی مافی ئەوەی هەیە داوای مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی بكات و بە ڕێگە سیاسی و مەدەنییەكان دەنگی خۆی بگەیێنێت. ئەم پرسە لە دیدی كوردەوە تەنها پرسێكی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە مێژوویەكی درێژ لە خەبات، قوربانی و داواكارییە نەتەوەییەكانەوە هەیە.
لە مێژووی خەباتی كورد دا، ناوی ڕێبەرانی زۆر بە خەباتی نەتەوەییەوە گرێدراوە لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانییەوە تا مەلا مستەفا بارزانی، و لەوەشەوە تا نەوەكانی دوای ئەوان. ئەم زنجیرەیە لە دیدی زۆرێك لە كوردەوە، بەردەوامیی خەباتێكە بۆ پاراستنی ناسنامە، ماف و بڕیاردانی كورد بەسەر چارەنووسی خۆیدا.
ئاماژەی بەوەشدا: “مەلا مستەفا بارزانی لە مێژووی هاوچەرخی كورد دا بە یەكێك لە ناسراوترین ڕێبەرانی ئەم خەباتە دادەنرێت ڕێبەرێك كە ناوی لەگەڵ خەباتی پێشمەرگە و داواكاریی مافە نەتەوەییەكانی كورد گرێدراوە، لە قۆناغی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دا، ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكە بە دیاریكراوی گرنگ بوو.
بارزانی تەنها ناوی سەرۆكێك نەبوو كە لە سەرەوەی پرۆسەیەك بوەستێت بەڵكو خۆی بوو بە یەكێك لە سەرەكیترین دەنگە سیاسییەكانی ئەو پڕۆسەیە. پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پڕۆسەكە دەكرێت و لە كاتی دیاریكراودا ئەنجام دەدرێت. لە گفتوگۆیەك لەگەڵ (الحیاە) لە مانگی ئاب ٢٠١٧ دا، بارزانی گوتی بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن سەركردایەتی سیاسیی كوردستانەوە دراوە و ئەو پڕۆسەیە بە دیدی ئەوان مافێكی گەلە.
دلاوەر محەمەد یوسف، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “گرینگە هەر كوردێكی دڵسۆز لە ساڵیادی ڕیفراندۆمی كوردستان، سڵاو ڕێز ئاراستەی سەرۆك مسعود بارزانی بكات، كە سەرپەرشت و داڕێژەری بیرۆكەی ڕیفراندۆم بوو، بۆ سەربەخۆیی كوردستان پێویست بوو كورد بڕیارێكی لەم شێوەیە بدات بە هەموو جیهان بڵێت بەڵێ میللەتێك هەیە سەدان ساڵە قڕ دەكرێت لەناو دەبرێت چیتر زوڵم و ستەم قبوڵ ناكات و دەیەوێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات”.


































































