زاری كرمانجی – هەولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق هەیە و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و چارەسەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوانیان هەیە.
د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لیژنە بۆ كۆمەڵێك بابەتی وەك پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق و دۆسییەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکهێنراون و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە.
گوتیشی: دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین و چاوەڕێی ئەوەین كاتێك دابنرێت بۆ ئەوەی پێكەوە كۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە بكەین كە ئاماژەم پێدان، لەگەڵ كۆمەڵێك بابەتی تر كە پەیوەستن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە. بۆیە ئێمە وەك حكوومەت ئامادەین هەر کاتێک دیاری کرا سەردانی بەغدا بكەین.