زاری كرمانجی-سۆران
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە خانەنشینکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست بڵاودەکاتەوە.
لەسەر بنەمای نوسراوە فەرمییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بەواژۆی بەرێز(د.توانا نجف محمد خان) بەرێوەبەری گشتی کارگێری و دارایی گشتاندنێکی فەرمی بۆ سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دەستە زانستییەکان دەرکرد سەبارەت بە ڕێکارە نوێیەکانی خانەنشینکردنی فەرمانبەران و مامۆستایان.
بەپێی ناوەڕۆکی گشتاندنەکە کە پشتی بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بەستووە، مەرجی سەرەکی خانەنشینبوون بریتییە لە تەواوکردنی تەمەنی (٦٠) ساڵی و هەبوونی ماوەی (١٥) ساڵ خزمەت لە کاتی تەواوکردنی تەمەنی خانەنشینیدا.
خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە:
مەرجی تەمەن و خزمەت: هەر فەرمانبەر یان مامۆستایەک تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵی و ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت، بە شێوەی فەرمی دەخرێتە خشتەی خانەنشینییەوە.
ژماردنی خزمەت: بەپێی ماددەکان، دوای تەواوکردنی تەمەنی ٦٠ ساڵی، هیچ ماوەیەکی خزمەت بۆ فەرمانبەر هەژمار ناکرێت.
- لایەنە پەیوەندیدارەکان: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە کارگێڕی و دارایی و یاساییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم ڕێنماییانەیان ئاراستەی سەرجەم زانکۆ و دەستە ئەکادیمییەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی لە کاتی خۆیدا.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و ڕێنماییە داراییە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستاندا دێت.



































































