زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا، پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ ئەو فەرمانبەرانە كارا بكات كە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دامەزراون.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەكارییەكانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لەلایەن وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرانە ڕوو، پاشان شاندی باڵای حكومەت ڕاپۆرتێكیان سەبارەت بە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق دەربارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027 و كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم لە پەرلەمان پێشكەش كرد، هەروەها داتاكانی پەیوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەنجامەكانی دوایین سەرژمێریی عێراق بە وردی تاوتوێ كران.”
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێم جەخت لەوەش دەكاتەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە كۆی دەنگ بڕیار درا پرۆسەی لە جیاتی دانان بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە كارا بكرێت كە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراون.
دەشڵێت “بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێگە بە هەر دوو وەزارەت دەدرێت شوێنی ئەو فەرمانبەرانە پڕ بكەنەوە كە لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون و بە هەر هۆكارێك دەستبەرداری كارەكانیان بوون یان وازیان هێناوە.”
ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و ڕاگرتنی دامەزراندنی هەمیشەیی، هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان پشتیان بە دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر داهاتی ناوخۆی دامەزراوەكانیان بەستووە. ئەم فەرمانبەرانە ڕۆڵێكی گرنگیان لە بەڕێوەبردنی ئەركە كارگێڕی و خزمەتگوزارییەكاندا هەیە.
پێشتریش بەهۆی ڕێكارە دارایییەكانەوە كاتێك یەكێك لەم فەرمانبەرانە وازی لە كارەكەی دەهێنا، دامەزراوەكان نەیاندەتوانی كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنێن، ئەمەش كورتهێنانی لە میلاكات و كێشەی بۆ بەڕێوەچوونی كارەكان دروست دەكرد. بڕیاری كاراكردنەوەی پرۆسەی لە جیاتی دانان یارمەتیدەرێكی گەورە دەبێت بۆ زانكۆكان و ناوەندەكانی پەروەردە بۆ ئەوەی بەبێ دروستبوونی بارگرانیی نوێی دارایی، شوێنی بەتاڵی ئەو كارمەندانە پڕ بكەنەوە و پرۆسەی بەڕێوەبردن بەردەوامی پێ بدەن.


































































