ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
لە شارۆچکەی لۆردستاون لە ویلایەتی ئۆهایۆ سەدان کرێکاری کارگەی گەورەی پاتریسازیی سەر بە کۆمپانیاکانی جەنەراڵ مۆتۆرز و ئێڵ جی کارەکانیان لەدەست دا ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هاوکارییە باجییەکانی دا کە بڕەکەی ٧٥٠٠ دۆلار بوو بۆ کڕیارانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
بەپێی ماڵپەڕی جیهانی : reuters.com کۆمپانیای هاوبەشی ئەڵتیۆم سێڵز (Ultium Cells) بەهۆی دابەزینی توندی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ڕایگەیاند کە کارەکانی ڕادەگرێت و بەم هۆیەوە نزیکەی ٤٨٠ کارمەند دوورخراونەتەوە لە کارەکانیان و ٨٥٠ کرێکاری دیکەشیان وەستاندووە کە بۆ چەندین مانگ پێویستیان پێیان نابێت.
ئەم داڕمانە ئابوورییە ناوچەیییە لە کاتێکدا ڕووی دا کە چوار ساڵ پێشتر بە کردنەوەی کارگەکە گەشبینییەکی زۆر بۆ بووژانەوەی ناوچەکە دروست بووبوو بەڵام بڕیارە سیاسییە نوێیەکان و بڕینی پاڵپشتییەکانی دەوڵەت بازاڕی ئەو ئۆتۆمبێلانەیان سست کرد و ئەو خەونەیان گۆڕی بۆ بێهیوایییەکی گەورە بۆ کرێکارانی ئەمریکا.

































































