ڕێبوار حەمەلاو شوانی
بەو پێیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی 2018 توانیی 45 کورسی پەرلەمانی بەدەست بینێت ، متمانەی زۆرینەی کوردستانیان بەدەست بینێت بە ئەندام و لایەنگرانی پارتیشەوە بووە هێزی یەکەم ، هەڵبەت نابێت ئەوەش فەرامۆش بکەین کە ، ئەو متمانە بەخشین و یەکەم بوونە هەر لە خۆوە نەهاتووە بەڵکوو بۆ هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانە دەگەڕێنەوە کە لە قۆناخە سەخت و هەستیارەکاندا بەرامبەر بە دۆزی ڕەوایی گەلەکەی و خاکەکەی بە ئەستۆی گڕت و شانەی بەتاڵ نەکرد ،
لەماوەی چوار ساڵی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ ، سەرەرایی ڕێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ هاوبەشی و حوکمڕانی لە حکومەت بەڵام لە ساڵی 2019وە یەکێتی بە پاڵپشتی کلکەکانی و پشتیوانی نەیارانی ئەم هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتێکی چڕوپڕو میدیایی ڕاستەوخۆ و و ناڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێم ، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بنیاتنەری بووە ، لە لایەک بە پاساویی ئەوەی کە مووچە لە وادەی خۆی دوا دەکەوێت و دابەش ناکرێت، پرۆژەکان ڕاگیراون و خزمەتی هاووڵاتییان ناکرێت، هەروەها لە بارەی نەوت و داهاتی نەوت، بەردەوام باس لە ناشەفافی دەکرد و دەیگوت داهات زۆرە بەڵام دیار نامێنێت، هەروەها لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا و دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بۆ کەمتر لە بیست دۆلاری ئەمریکی، یەکێتی خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان و هاوبەشییەکانی حکومەتی کوردستان شانەی خاڵی کرد و پشتی تێکرد و بەغدا زیاتر گوشارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان بۆ نەناردنی بەشە بودجە و مووچەی کوردستان چڕتر کردبووە.
بەتایبەت کە مێژوو گەواهیدەرە کە ئەوانەی ئێستا خۆیان لە هەڵبژاردن دەشارنەوە و سەردەمانێک باسی چاکسازی و پاکسازییان دەکرد و لە قۆناخە پڕ کێشەکان پشتیان لە حکومەتەکەیان کرد ، بەتایبەت لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆ و هاوبەشی لە حوکمڕانی لەگەڵ ئەوەی بە پێی قەبارەی و کورسییەکانی زیاتریش پۆستی سەروەری و گرنگی پێدرا ، بەڵام یەکێتیی نەیتوانی هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە نەیتوانی بە باشی کار بکات و هاوکاریی حکومەت بێت و بەردەوام دژایەتیی حکومەتی کردووە.ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە یەکێتیی بینرا ، تەنیا شانۆگەری بەشداریکردن و وەرگرتنی پۆست و پایە بوو نەک خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و کوردستان و پشتیوانیکردنی کابینەی نۆیی حکومەتی کوردستان ، هەر ئەوەش بوو کە لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکان خۆی بە هاوبەش دەزانیی و لە کاتە سەختەکانیشدا دا شانەی خاڵی دەکرد و خۆی وەک بەرهەڵستکارێکی ناتەندروست و لە دژی حکومەتی کوردستان پیشان دەدا و کاری دەکرد .
بە پێچەوانەوە کابینەی نۆ بە دروشمی کوردستانی بەهێزەوە بەرنامە و کارەکانی دەستپێکردووە ، ئەو کاتە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی، بە هەموو توانایەوە گرنگی بە کەرتی تەندروستیی دا و تا گیانی کوردستانیان لە پەتای کوشندەی کۆرۆنا بپارێزێت ، بەڵام یەکێتیی نەک هەر نەیتوانی هاوبەشی خۆی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بسەڵمێنت بەڵکوو لەگەڵ هەندێک لایەنی بەناوی ئۆپۆزیسیۆن ، خەڵکی کوردستانیان لە دژی حکومەتی هەرێم هان دەدا و دژایەتیی حکومەتیان دەکرد و بە شکست خوارد ناویان دەهێنا ، تەنانەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی گەیاندە گرژیی سیاسی، لە سلێمانی گرفت بۆ کارەکانی حکومەت دروست دەکرا، داهاتی سنوورەکە نەدەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و خەڵکیان بێ مووچە و خزمەتگوزاری دەکرد تا زیاتر دژی حکومەتی کوردستان هانیان بدەن . لەگەڵ هەموو ئەو دژایەتیکردنەی حکومەتی کوردستان ، یەکێتیی بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو کە ڕووبەڕووی گەندەڵی و دزینی پارە و داهاتی سنوورەکان ببێتەوە بۆ ڕێگری لە گەندەڵی و کاری نایاسایی ، بە پێچەوانەوە بە هەموو توانایەکییەوە ڕووبەڕووی ئەوە ئەو هەوڵانە بووە و دژایەتیی حکومەتی کوردستانی کرد و دەیگووت ئەگەر هەر هێزێک بچێتە ئەو سنوورانە ئەوا شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت ، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی یەکێتیی خۆی و ئەو کارانەی کە بەرپرسەکانی ئەو حزبە لە سنوورەکە دەیانکرد بوو و بۆ شاردنەوەی تاڵان کاری و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی سنوورەکان بوو .
هەروەها لە نێو پەرلەمانی کوردستانیش یەکێتیی پەمپی فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی دەدا تا دژایەتیی حکومەتی کوردستان و کار و پرۆژەکانی بکات و هەرگیز پشتیوانی حکومەتی کوردستانیان نەکرد ، هەمیشە دەیانویست بە چەواشەکاری و داتای ناڕاست ناوچەگەریتی و دووبەرەکی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن ، هەر لە ڕووی ئابوورییەوە تا ئەمنی و ئاوەدانی و بوارەکانی دیکەش ، یەکێتی بە توندی دژی حکومەت وەستایەوە و پێی وابوو ئەو کارانە پەیوەستن بە حکومەتەوە، هەروەها لە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا و نەناردنی پارە بۆ هەرێم، هۆکارەکەی بۆ حکومەت دەگەڕاندەوە. هەروەها یەکێتیی بۆ خۆ دزینەوەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و متمانەبەخۆنەبوونی قەیرانی بێ بنەما و بێ پاساویی دروست دەکرد بە شێوەیەک تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و حکومەتی کوردستان بپچڕێنێت ، هەمیشە دەڤەری سلێمانی دەکرد پاساو ، بەتایبەت ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستەکە لە هەولێر و بەتاڵانبردنی پارە و داهاتی بانکەکانی دەڤەری سلێمانی هەموو ئەمانە وایانکرد کە یەکێتیی هەست بە ترس بکات لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن ، ئەوە بوو بایکۆتی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەکانی حکومەتی کوردستانی کرد ، گوایە بەم شێوەیە دەتوانێت خۆی لە کردەوە ناشیرینەکانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرباز بکات .بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوود بوون و سەریان نەگرت و حکومەت کاری خۆی کرد لە چاکسازی و بەردەوامیشە، دواتر هەڵمەتی بەهەرێمکردنی سلێمانییان دەست پێ کرد، بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڕەشەی دوو ئیدارەییان دەکرد، وەک گوشار بۆ سەر حکومەت، بەڵام لەوەشدا سەرنەکەوتن و شکستیان هێنا.بۆیە، هەموو هەوڵەکانی یەکێتیی وکلکەکانی بۆ لێکترازانی سلێمانی و بە دەردی کەرکووک بردنی ، بەڕێگەی دوژمنان و نەیارانی کورد و کوردستان دەیانەوێت بەناوی بەهەرێمکردن شکستخواردووە ، کوردستانی بەهێزتر بەرەو بەدەستهێنانی ئامانج و مافە ڕەواکان و خزمەتکردنی زیاتری کوردستانیانە.