مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەر یەك لە ئەمەریكا و بەریتانیا و هۆڵەندا، لە راگەیاندراوێكی هاوبەشی ئاساییشی سایبەردا، هۆشداری دەدەن كە ئێران لە رێگەی بەرنامەیەكی كۆمپیوتەرەوە سیخوڕی لەسەر نەیارانی وڵاتەكەی و چالاكوان و ڕۆژنامەوانان دەكات .
سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی سایبەری بەریتانیا دەڵێت “كۆمەڵێك كەس لە بواری سایبەر كە پەیوەستن بە دەوڵەتی ئێرانەوە بەرنامەیەكی كۆمپیوتەرییان بەكارهێناوە بەناوی “chosen brick” كە بەشێكە لە خێزانی بەرنامەكانی دزینی زانیاریی ئەلیكترۆنی.”
سەنتەرەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئامانج لەو بەرنامەیە دزینی ئیمەیڵ و كورتەنامە و زانیاریی هەستیاری دیكە بووە. بۆ گەییشتن بەو ئامانجەش بەرنامەكانی وەك وەتسئاپ و تێلیگرامیان بەكار هێناوە.
هاوكات پۆل چیچێستەری بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكانی سەنتەری نیشتمانی ئاساییشی سایبەری بەریتانی لەمبارەوە دەڵێت “وردەكارییەكانی ئەم هەڵمەتە سایبەرییە دەریدەخەن كە چۆن ئێران بێبەزەییانە چاودێریكردنی نهێنیی دیجیتاڵ بەكار دەهێنێت بۆ سەركوتكردنی ڕەخنەگرانی ڕژێمەكەی، دزینی ئیمەیڵ و كورتەنامەكان و چوونە ناو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیان.”

































































