ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی بەریتانیا رایگەیاند، زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانیانە، هاوکات داوای کرد بەغدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات و مووچە لە خەرجیی کرداری دەربهێنێت، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو بیانووە دارایی و تەکنیکییانەی ساڵانی رابردوو هەبوون بە یەکجاری کۆتایییان پێ بهێنرێت.
وەزیری دارایی ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور و داتاکانی سەرژمێری کرد؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی “ئەسیکۆدا” گەیشتوونەتە رێککەوتن تا بەربەستەکانی بەردەم بازرگانان نەمێنن و دۆسیەی دۆلار و باج یەکلابکرێنەوە، بەتایبەت لابردنی بازگەکان و دابینکردنی دۆلاری فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا سوپاسی وەزارەتی دارایی کرد بۆ شەفافییەت لە خستنەڕووی داتاکان، هاوکات جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان، تا بتوانرێت لە ڕێگەی دەنگێکی یەکگرتووەوە مافە دەستووری و یاسایییەکانی هاووڵاتییان لە بودجەدا بەتەواوی بچەسپێنرێن.

































































