زاری كرمانجی
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، بە كوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بەغدا زیاتر لە 76 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج كرد.
سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی خەرجكردنی قۆناغی هەشتەمی شایستە داراییەكانی جووتیاراندا،حكوومەتی فیدراڵ بڕی 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 تەرخان كردووە، كە پشكی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەو بڕە پارەیە پێك دێت لە 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دینار.
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەوەشی خستەڕوو، بڕی پارە تەرخانكراوەكە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا بەم شێوەیە دابەش كراوە، سلێمانی: 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار، هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار، دهۆك: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار.
گووتیشی:” كۆی گشتیی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بڕی 301 ملیار دینار بووە. هەروەها جەختی لەوە كردەوە، بە خەرجكردنی ئەم بەشە، تەنیا نزیكەی 7 ملیار دینار لە تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران لەلای حكوومەتی فیدراڵ دەمێنێتەوە.

































































