وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی سێشەممە چوار پڕۆژەی ستراتیژی ڕاگەیاند کە لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان پەرەی پێدەدرێت.
بەڵام ئەمە دیمەنێكی بچووكە لە وێنەیەکی گەورەترە و بەغدا ساڵێکه هەوڵ دەدات خۆ لە پشت بەستن بە وزەی ئیران و تەنها رێرەوەی هەناردە كردنی نەوت لە رێگەی هورمز ڕزگار بكات.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلعێراقییە، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پەرەپێدانی کێڵگەی ئارتاوی بە توانای بەرهەم هێنانی 210 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەگەڕخستنی پێنج کێڵگەی بەرهەم هێنانی غاز بە توانای 600 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، پیویستی بە پلانی تۆكمە هەیە.
هەروەها عێراق گرێبەستی وزەی بە بەهای 200 ملیار دۆلار واژۆکرد لە سەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا.
کۆمپانیای شێڤرۆن ئۆپەراسیۆنی کێڵگەی قورنە ٢ی ڕۆژئاوا و پەرەپێدانی کێڵگەکانی ناسریە و بەلەدی گرتە ئەستۆ. کۆمپانیای شێڤرۆن جێگەی کۆمپانیای لوکۆیلی ڕووسیای گرتەوە کە لە ژێر سزادایە.
هالیبێرتۆن بەڕێوەبردنی یەکگرتووی کێڵگەکانی بن عومەر و سندبادی گرتە ئەستۆ و کۆمپانیای HKN Energy پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرینی گرتە ئەستۆ.
لە شاری هیوستن، ئەلزەیدی لەگەڵ دارێن وۆدز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کۆبووەوە و داوای کرد کۆمپانیاکە ڕۆڵی خۆی لە تەواوی زنجیرەی وزەی عێراقدا فراوانتر بکات. ئامانجی دیاریکراوی عێراق بۆ هاوبەشییەکە کۆتاییهێنانە بە هاوردەکردن لە ئێرانەوە تا ساڵی ٢٠٢٨.
عێراق و سوریا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی بۆری جێهێڵراوی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاس لە دەریای ناوەڕاست. کۆمپانیای شیڤرۆن پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، لە کاتێکدا بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە دانوستان دەکات بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی بۆری کەرکوک-جەیهان.
بەو پێیەی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە پێش جەنگ لەسەدا ٣٠ بۆ ٤٠ی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقی دابینکردووە، عێراق بەنیازە تا ساڵی ٢٠٢٩ کۆتایی بە سووتانی غازی پەیوەندیدار بهێنێت، ئەمەش وابەستەیی بەوەوە کەمدەکاتەوە.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە و کڕیاری کارەبا و غازی ئێرانە. واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستبەرداربوون لە سزاکان دەدات بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت کارەبا و غاز لە ئێران بکڕێت.

































































