بەپێی توێژینەوەكە كە لە گۆڤاری زانستیی ناوداری (npj Mental Health Research) بڵاوكراوەتەوە، دەركەوتوە كە بەكارهێنانی ڕۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تەنانەت زیاتر لە هۆكارە باوەكانی دیكەی وەك ئاستی خوێندەواری، بارودۆخی پیشەیی و ئاستی داهات، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەستكردن بە خەمۆكی و نائارامیی دەرونی هەیە.
پشكنینەكان دەریانخستوە ئەو كەسانەی ڕۆژانە تەنیا دو كاتژمێر و نیو یان زیاتر ئەم پلاتفۆرمانە بەكاردەهێنن، ئەگەری دەركەوتنی نیشانەكانی خەمۆكی تیایاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە بەراورد بەوانەی كەمتر بەكاریان دەهێنن.
توێژەران پشتیان بە شیكردنەوەی داتای فراوانی پرۆژەی بەكارهێنانی ساڵانەی میدیا و كاریگەرییەكانی بەستوە لە ماوەی 11 ساڵدا كە لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێكردوە، لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 183 هەزار ڕاپرسی لە كەسانی پێگەیشتو لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 70 ساڵ وەرگیراوە.
پرۆفیسۆر هانس برایتەر لە زانكۆی سینسیناتی كە سەرپەرشتیاری سەرەكیی توێژینەوەكەیە ڕونیكردەوە، خێرایی تەشەنەسەندنی ئەم حاڵەتە لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتوەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەهۆی ئەوەی ئەلگۆریتمی تۆڕەكان بەكارهێنەران لە ناو بازنەیەكی بەردەوامی بەراوردكاریی كۆمەڵایەتی و دابڕانی دەرونیدا دەهێڵنەوە.
زانایان ئاماژە بەوە دەكەن كە هۆكاری سەرەكیی ئەم پەیوەندییە بەهێزە، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی داڕشتنی پلاتفۆرمە مۆدێرنەكان كە هانی سەیركردنی بەردەوام و بێوەچان دەدەن، ئەمەش زیان بە كاتژمێرەكانی خەو دەگەیەنێت، پەیوەندییە ڕاستەقینەكانی مرۆڤ لاواز دەكات و هەستی بەراوردكردنی ژیانی خۆت بە ژیانی دەستكاریكراو و بێخەوشی كەسانی دیكە دروستدەكات، كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی دابەزینی متمانە بەخۆبون و سەرهەڵدانی خەمۆكیی درێژخایەن.

































































