رێبوار حەمەلاو شوانی
بنەماکانی پێشکەوتن و سەرکەوتن و بەهێزی هەر حکوومەت و دەوڵەتێک ، فەراهەمکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە نێو خۆدا ، بە هەڵسەنگاندن و بەراوەردکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ، لە ماوەی ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕ وگرژییەکاندا ، سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی سەرۆکوەزیران و حکوومەتی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ژیرانە و وردبینانە مامەڵەیان لەگەڵ رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکەدا کردووە ، بەشێوەیەک لە لایەک توانیوێتی ئاشتی و سەقامگیری قەوارەکەی فەراهەم بکات و لەلایەکی دیکەش لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ( کارەبا،ئاو ، تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان و هتد .. ) گرنگی بە خەڵکی کوردستان بدات ، ئەم هەنگاوانە بە بنامەی سەرەکی حکوومڕانی و دەوڵەتمەداری هەر حکوومەتێک هەژمار دەکرێت ، ئەوەش وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و حکوومەتێکی خزمەتگوزارە ، لە هەمانکاتیشدا لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێو تەنگژە و قەیرانەکاندا توانیوێتی زۆر ژیرانە زانستیانە مامەڵە لەگەڵ شەڕ وگرژییەکانی ناوچەکەدا بکات.
ئەوەی حکوومەمتی کوردستان لەماوەی رابردوو و بە ئێستاشەوە لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە دەیکات ، ڕێگریکردنە لە هاتنی بڵێسەی ئاگری ناوچەکەیە بۆ نێو نیشتیمانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی و ئینجا دۆزینەوەی چارەسەری و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و ڕێشەکێشکردنیانە ، بۆیە هەرێمی کوردستان و بەو ئەزموونی کە لە نێو پرۆسەی دیموکراسیی هەیەتی نەک هەر توانیوێتی متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت ، بەڵکو پەیوەندیی نێوان حکوومەت و هاووڵاتیان بەهێز بکات لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو رەوشە ئاڵۆزەی کە باڵی بەسەر ناوچەکە دا کێشاوە و کاریگەریشی لە سەر هەرێمی کوردستان هەبووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ، هەر لەسەرتای ئەو روودا و پێشهاتانەدا ، زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵەی کردووە ، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی زۆر بە باشی ڕاپەڕاندووە ، بەتایبەت حکوومەتی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە جگە لە خزمەتکردن و چارەسەری تەنگژەکان ، وەک قەڵغانێک بەرامبەر هەموو هێرش و پەلاماردانەکان وەستاوەتەوە ، بەڵام بە پێچەوانەوە هەندێک لایەنی سیاسی تەنها ویستویانە چێژ لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و بارگڕانی سەر حکوومەتی کوردستان وەرگرن و بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاری بێنەوە ، لە بەغدا هەمان ئەو حزب و لایەنە کوردی زمانانە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی بودجە و مووچەی کوردستان نەدرێتە خەڵکی کوردستان ، بەڵام هەڵبژاردنەکانی کوردستان شکستی بە هەموو ئەو لایەنانە هێنا کە سەر بنەمای درۆ و چەواشەکاری و گەوجاندن خەڵک دەژیان ،چونکە ئەوان هەمیشە خەونی رووخاندن و نەمانی ئەو قەوارە و دەستکەوتانەیان دەبینی ، بەڵام خەیاڵەکانیان وا دەرنەچوو
بە پێچەوانەوە حکوومەتی کوردستان و بەسەرکردایەتی بارزانی ، هەمیشە کاری کردووە بۆ تێپەڕاندنی گرژی و تێشکاندنی بەستەڵەکەکان کە زۆرجاران لە دەرەوەی سنوورەکانیش پاڵپشتی ئەو لایەنانەی نێو کوردستان دەکرا بۆ قەیرانسازی و ئاژاوەنانەوە ، ئینجا پێشێڵکردنی دەستوور و ماف و شایستەکانی کوردستان ، 7 ساڵی رابردوو بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان بەسەرکردایەتی مەسروور بارزانی ، نموونەی خۆڕاگری و بەهێزی بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و گرژی و ئاڵۆزی زۆر و گۆڕینی قۆناغە سەخت وپڕبەربەستەکان بۆ خزمەتگوزاری هەموو ناوچەکەکانی کوردستان هەر لە هەڵەبجەوە تا زاخۆ.
دروستکردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژی لە کابینەی نۆیەمدا ، وەک کارەبا و ڕێگاوبان و هەناردەکردن کەلوپەل و خۆراک ودروستکردنی چەندین پرۆژەی بازرگانی و ئینجا پارێزگاریکردن لە ژینگە و چارەسەری کێشەکانی بەڕێوەبردن و بەدیجیتاڵکردنی زۆربەی داموزدەزگاکان ، هەموو ئەمانە ئامانج و خزمەتێک بووە خەڵکی کوردستان و ئاسانکاری و پێشکەوتنی ژیان لەڕووی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەرەو لووتکەی سەرکەوتن ، ئەم هەموو دەستکەوتانە وایکردووە کە نەیارانی کوردستانی تووشی هیستریا کردۆتەوە ،چونکە ئەوان دەیان نابوو کە لەماوەیەکی کورتدا حکوومەتی کوردستان تووشی شکست بکەنەوە و متمانەی جەماوەریشی لێ وەربگڕنەوە ، بەڵام پرۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی وەک کارەبا،ئاو ، رێگاوبان و هەژماری من و پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵی هەموو ئەمانە نەیارانی کوردی تووشی شکست کردەوە ، بۆیە ئەم ئارامی و سەقامگیرییەکەی کوردستان و نەهێشتنی ئاڵنگارییەکان ، بەئیرادەیەکی بەهێز و متمانەی خەڵکی کوردستان هەموو ناکرێتەکانی کردە دەکرێت ، ئەمرۆ گەلی کورد خاوەنی کوردستانێکی بەهێزە لە نێو گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەڵکی کوردستان لەهەموو کاتێکی دیکە هوشیارترە و دەزانێت کە چەواشەکاری و تێکدەردە و کێ راستگۆ و بونیاتنەرە.

































































