مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕێگەی عەلی محەممەدی، جێگری سیاسیی هێزی دەریایی خۆیەوە، وەڵامی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای دایەوە كە ڕایگەیاندبوو گەرووی هورمزیان لەژێر كۆنترۆڵدایە. محەممەدی لە گردبوونەوەیەكی شەوانەی لە شاری مەشهەد ڕایگەیاند كە هیچ سەرباز و ئامێرێكی سەربازیی ئەمریكیی لە كەنداو، دەریای عومان و گەرووی هورمزدا نەماون، و داوای لە واشنتۆن كرد ئەگەر راست دەكەن با یەكێك لە كەشتییەكانیان بە دووری ١٠٠ كیلۆمەتر لە گەرووەكە نزیك بكەنەوە.
محەممەدی هۆشداریی توند دەداتە ئەمریكا كە لە ناوچە قەدەغەكراوەكان نزیك نەبنەوە، دەنا ڕووبەڕووی وەڵامی توندی ئێران دەبنەوە. هەروەها جەختی كردەوە كە تەواوی جووڵەی كەشتییەكان لە دیوی كوێت و بەحرێنەوە لەژێر چاودێریی دەریایی سوپای پاسداراندایە و هەر سەرپێچییەك بكەن، مامەڵەی توندیان لەگەڵدا دەكرێت .

































































