شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕوسیا تودەی، ڕۆبۆتێك كە وەك گارسۆنێك لە ڕێستۆرانتێكی ئەنقەرە “كار دەكات” ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لە بارودۆخی كاركردنی و داوای زیادكردنی حەقدەستی هەفتانە و زیادكردنی پشووی هەفتانەی لە ڕۆژێكەوە بۆ دوو ڕۆژ كردووە.
سەرەڕای ئەوەی “فیكۆ” مووچەیەكی ئاسایی وەردەگرێت و هەفتانە ڕۆژێكی پشووی هەیە، بەردەوام ئەم دەستەواژەیە دووبارە دەكاتەوە: “جەنابی بەڕێوەبەر، من دەمەوێت مووچە زیاد بكرێت”؛ فیكۆ ئەگەر هەست بە ناڕەحەتی بكات، ڕەنگە ئەركەكانی وەك پاككردنەوەی مێزەكان ڕەت بكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە خاوەنی چێشتخانەكە، سۆنگور دیلیگۆزائۆغڵو ڕوونیكردەوە، ڕۆبۆتەكە یەكێكە لەو هۆكارە سەرەكییانەی كە كڕیارەكان ڕادەكێشێت.تەنانەت هەندێكجاریش سەرپێچی ڕێنماییەكان دەكات بۆ سەماكردن لەگەڵیان، ئەمەش كەشێكی پڕ لە خۆشی دروست دەكات سەرەڕای فەسادی بەردەوامی. لە كۆتاییدا وتی كاركردن لەگەڵ ڕۆبۆتەكە جێگەی خۆشحاڵییە، بەڵام هەرگیز لە داوای باشتركردنی بارودۆخەكانی ناوەستێت.

































































