بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت تەواوی تێچووی خوێندنی قوتابیانی نێو خانەکانی بێسەرپەرشتان لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی زانکۆ لە ئەستۆی حکومەت دەبێت.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر ڕایگەیاند:” بە فەرمانی حکومەت و بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی کار، رێگە بە سەرجەم ئەو منداڵانەی نێو خانەی بێسەرپەرشتان دراوە لە ناوەندەکانی خوێندندا درێژە بە خوێندن بدەن تا ئەو کاتەی کێشەی بەڵگەنامەکانیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
گوتیشی:” ئەو نەوجەوانانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ دەتوانن لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان درێژە بە خوێندن بدەن و تێچووەکانیان لەلایەن حکومەت و دەزگا خێرخوازییەکانەوە دابین دەکرێت، لە دوای تەواوکردنی زانکۆش ڕاستەوخۆ بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت دادەمەزرێن، هاوکات ئەو کەسانەشی ئارەزووی خوێندن ناکەن و خانەکان جێدەهێڵن، هەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیران هەلی کاریان بۆ دابین دەکرێت تا بێکار نەمێننەوە.

































































