ماڵپەڕی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ، ئێران لە میکانیزمێکی هاوشێوەی ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ چین کەڵک وەردەگرێت بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانی نەوت و سنووردارکردنی بانکی. لەم میکانیزمەدا نەوتی ئێران بە قەرز دەگۆڕدرێتەوە بۆ کڕینی کاڵای چینی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەوە بە بەهای ملیارها دۆلار کاڵای لە چین کڕیوە کە بریتین لە “دەرمان، ئۆتۆمبێل، کەرەستەی پەیوەندی و کەرەستەی سەربازی”.
دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی و سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو میکانیزمە لانیکەم لە ساڵی 2021ەوە دەستیپێکردووە و ڕێگەی بە ئێران داوە تا لە رێگەی تۆڕێکی بانکی نێودەوڵەتییەوە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات بەبێ ئەوەی پارەی ڕاستەوخۆ بە کۆمپانیا چینییەکان بدات.
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە ئەو میکانیزمە لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم جارێک بۆ گرێبەستەکان بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆ دابینکردنی کەرەستەی بەرگری ئاسمانی ئێران بەکارهێنراوە.
هەر چەندە ڕۆیتەرز لە راپۆڕتەكە ئاماژەی بەوەش داوە” ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ زانیارییەكان پشتڕاست بکاتەوە”.
سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز مەزەندە دەکەن کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی هەژمارێکی تایبەتەوە بۆ دابینکردنی پارەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئێران گواستراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی لەسەدا 70ی داهاتی نەوتی ئێران کە لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆ پڕۆژەکانی ژێرخانی تەرخان دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پارەی ئەو کۆمپانیایانە بەکاردەهێنرێت کە کاڵا بە ئێران دەفرۆشن.
چین تا ساڵی 2025 زیاتر لە سەدا 80ی نەوتی “داشکاندنی” لە ئێران دەکڕی و بە تێکڕا ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی ڕەوانەی چین دەکرێت.

































































