محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی:
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە نەخۆشخانە حکوومی و تایبەتەکان بەشێک لە دایکان و باوکان بەر لە وادەی لەدایکبوونی کۆرپەلەکەیان دەیانەوێت نەشتەرگەری منداڵ بوون لە 1/1 ئەنجام بدەن، پزیشکێکی پسپۆڕ نایشارێتەوە ئەگەر وادەکەی تەواو نەبووبێت کارێکی هەڵەیە دایک و باوک داوای بکات چوونکە زۆرجار مەترسی لەسەر گیانی هەردووکیان دەبێت.
د. مهاباد دڵاوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵ بوون و نەزۆکی لە سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند:“ زۆر ئافرەت هەیە داوا دەکات کەوا لە 1/1 یاخود هەر بەروارێکی تر کە خۆیان پێیان جوانە منداڵەکەیان بە نەشتەرگەری لە دایکبێت، بەڵام من وەک دکتۆری پسپۆری لە دایکبوون و ئافرتان، هیچ کات ئامادەی ئەوە نیمە گیانی دایک یاخود منداڵەکە بخەمە مەترسی لەبەر خاتری بەروارێکی جوان”.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵ بوون نایشارێتەوە:“ زۆرجار دەرهێنانی منداڵ پێش وادەی تەواوبوونی خۆی کە 38 هەفتەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە تووشی تەنگە نەفەسی بێت، ئەوکات یان دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی منداڵەکە یاخود بۆ هەمیشە تەندروستی باش نابێت و جەستەی ئامادەییە بۆ تووشبوون بە جۆرها نەخۆشی“.
لە دوا پەیڤەکانیدا د. مهاباد دڵاوەر، رێنمای دایکان و باوکان دەکات و دەڵێت:“ لە رێگەی زاری کرمانجیەوە رێنمای دایکان دەکەم لەبەر بەرواری سەری ساڵ یاخود ساڵیادی هاوسەرگیری و هەر بەروارێکی تر گیانی خۆیان کۆرپەلەیان نەخەنە مەترسی لەبەر ئەوەی ئەمە کارێکی هەڵەیە دەیکەن.