دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە میتینگێکی کۆمارییەکان لە شاری داڵاس ڕایگەیاند، ئەگەر کۆمارییەکان هەم لە ئەنجومەنی نوێنەران و هەم ئەنجومەنی پیران سەربکەون، بڕی پێنج هەزار دۆلار دەداتە هەموو گەورەساڵێکی ئەو وڵاتە.
ترەمپ ئەو پارەیەی بە دەرئەنجامی داهاتی ئیدارەکەی و “سەرکەوتنی ئابووری” ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە ناوی “پاداشتی ترەمپ” ناودەبرێت. بە وتەی ئەو، وەرگران دەبێت هەموو ئەم پارەیە لە ناوخۆی ئەمریکا خەرج بکەن و بۆیان نییە لە وڵاتانی وەک کەنەدا، چین یان ئەڵمانیا خەرجی بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەدا باسی لە دانی 1776 دۆلاری بە سوپای ئەمریکا کرد و گووتی کەئەم بیرۆكەیەم لە ساڵی سەربەخۆیی ئەمریکا، 1776 وەرگرتووە.
ترەمپ هەروەها باسی لە پلانی “ئەکاونتی ترەمپ” بۆ منداڵان کرد، کە بەپێی ئەو پلانە حکومەت هەزار دۆلار دەخاتە سەر حسابێک بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو. بە گووتەی ناوبراو، خێزانەکان و کەسانی دیکە دەتوانن پارەی زیاتر بۆ ئەم ئەکاونتانە زیاد بکەن بۆ ئەوەی منداڵان بەکاری بهێنن کاتێک دەگەنە تەمەنی 17 بۆ 21 ساڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، مایکل و سوزان دێڵ 6.25 ملیار دۆلاریان پابەندکردووە بەو پلانە و وەبەرهێنان لەم ئەکاونتانەدا دەتوانێت سەرچاوەی دارایی بەرچاو بۆ هەندێک منداڵانی خێزانە کەم داهاتەکان دابین بکات لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی گەورەییدا.
هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوە دەچێت.

































































