لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە عێراق گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی چەک و کۆگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ ناو خاکی ئێران دەکەن کە ئامادە نین ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکەنەوە. ئەم هەنگاوەش لەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گوشار و سزاکانی ئەمریکا دێت، لەکاتێکدا واشنتن ڕەتیدەکاتەوە بەغدا دەستبەرداری کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەستی گرووپەکان بێت یان کات بەفیڕۆ بدات.
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لە سەرچاوەکانییەوە ئاشکرای کردووە، ئەو چەکانەی پێشنیازی گواستنەوەیان بۆ ئێران کراوە، لەلایەن تارانەوە بەخشراونەتە گرووپەکان و مووشەکی دوورمەوداشیان تێدایە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقیشەوە خاوەندارێتی ناکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە گرووپەکانی حیزبوڵڵای عێراق، نوجەبا و سەیدولشوهەدا ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە و مەرجی وەک کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان و تورکیا، بەپاشکۆی چوونەدەرەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیان لە خاکی عێراق داناوە.
لە بەرامبەردا، حوسام حوسنی، وتەبێژی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی چەک دوور لە گرژی میدیایی و ئامانجگرتن بەردەوامی هەبێت.
بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆتا کۆبوونەوەی خۆیدا باسی لە پرسی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت نەکردووە، و ئەو 3 لیژنەیەی بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان کرابوون تاوەکو ئێستا ئەرکەکانیان تەواو نەکردووە.

































































