ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
شارەزا لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ بەشێوازێکی تیۆری و پراکتیکی
کەڵەشاخ یەکێکە لە ڕێگەی چارەسەری پزیشکی تەواوکاری کە لە ئێستادا بایەخێکی زۆری پێدەدرێت، بەڵام ئەم کردارە پزیشکییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە بۆیە زانست و پزیشکان هۆشداری دەدەن کە لە هەندێک بارودۆخدا کەڵەشاخ نەک هەر سوودی نییە، بەڵکو مەترسیی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات.
لێرەدا باسی ئەو کەسانە دەخەینە ڕوو کە پێویستە لە کەڵەشاخ دووربکەونەوە :
١_ تووشبووانی نەخۆشییەکانی خوێن، ئەو کەسانەی کێشەی خوێن مەیینیان هەیە وەک (نەخۆشی هیمۆفیلیا) یان کەمخوێنییەکی زۆر توندیان هەیە، نابێت پەنا بۆ کەڵەشاخ بەرن، چونکە مەترسی خوێنەربوونی بەردەوام و بێهێزیی زیاتریان لێدەکرێت.
٢_ بەکارهێنەرانی دەرمانی ڕوونکردنەوەی خوێن، ئەو کەسانەی دەرمانی وەک (ئەسپرین،وارفارین، یان پلاڤێکس) بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی دڵیان، دەبێت زۆر وریابن، چونکە ئەم دەرمانانە دەبنە هۆی ئەوەی خوێن بە ئاسانی نەمەیێت، بۆیە ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ
ئەوان مەترسی خوێنبەربوونی لێدەکەوێتەوە.
٣_ خانمانی دووگیان، پزیشکانی پسپۆڕی خانمان ڕێنمایی دەدەن کە خانمانی دووگیان (بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمدا) کەڵەشاخ نەکەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سک و خوارەوەی پشت، چونکە
ئەگەری هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەلە هەبێت.
٤_ نەخۆشییەکانی دڵ و ئامێری ڕێکخەر، ئەو کەسانەی ئامێری ڕێکخەری لێدانی دڵیان (Pacemaker) بۆ دانراوە، نابێت کەڵەشاخیان بۆ بکرێت، چونک کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی
کارەبای دڵیان دەبێت.
٥_ سستی گورچیلە و جگەر، ئەوانەی بەدەست سستی توندی گورچیلە یان سستی جگەرەوە دەناڵێنن، جەستەیان توانای بەرگەگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی نییە کە کەڵەشاخ لە سووڕی
خوێندا دروستی دەکات.
٦_ کێشەکانی پێست، نابێت کەڵەشاخ لەو شوێنانەی پێست بدرێت کە تووشی هەوکردن، سووتاوی، ئەکزیما، یان برینی کراوە بوون، چونکە دەبێتە هۆی گواستنەوەی میکرۆب و خراپتربوونی برینەکە.
٧_ تەمەنی زۆر یان تەمەنی کەم، بۆ منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ و کەسانی زۆر بەتەمەن کە جەستەیان لاوازە و بەرگرییان کەمە، کەڵەشاخ بە گونجاو دانانرێت مەگەر بە ڕاوێژی وردی پزیشکی پسپۆڕ بێت.
تێبینی : چارەخوازی بەرێز، پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ، دڵنیابەرەوە لەوەی کەسەکە شارەزایە خول و ڕاهێنانی کردووە و پسپۆڕە لەو بوارە و ئامێرەکان یەکجار بەکاردەهێنرێن و پاکژکراون (Sterilized)، چونکە بەکارهێنانی ئامێری پیس و دووبارە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک (هەوکردنی جگەر و
ئایدز).

































































