نووسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
لە وەرزی پێگەیشتن و داکوتان جویزدا، کاتێک خاوەنی ماڵ یان خاوەن باغێک لە دۆڵی ڕوست کۆتایی بە داکوتانی دارجویزەکانی دەهێنێت و بەرهەمەکە کۆدەکاتەوە، دیمەنێکی پڕ لە جوانی و ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات. خاوەن باغەکە پێش ئەوەی شوێنەکە جێبهێڵێت، بە دڵێکی فراوانەوە دەڵێ: «گەردەنی هەر کەسێک ئازاد بێ؛ هەر جویزێک لەژێر دارەکەدا مابێتەوە، بۆی هەیە هەڵیبگرێتەوە، نۆشی گیانی بێ و حەڵاڵی سەر سفرەی بێت.»
ئەمە دابونەریتێکی زۆر کۆن و ڕەسەنی دۆڵی ڕوست بوو؛ کاتێک خاوەن ماڵ دەگەڕایەوە، کەسانی دەوروبەر، دراوسێیان یان ڕێبواران دەچوونە ژێر دارجویزەکان و بەدوای ئەو جویزە ماوانەدا دەگەڕان کە لە کاتی کۆکردنەوەی یەکەم جار لە داکوتانی دار جویزەکان لەژێر گەڵا و لقەکاندا مابوونەوە، یان زۆر جار سمۆرە لە بن بەرد و خۆڵدا شارتبوونییەوە و دەیان دیتنەوە. بەم کارە لە دۆڵی ڕوست دەگوترێت پاشەڵۆک.
ئەم نەریتە ئەوە دەسەلمێنێت کە خەڵکی دۆڵی ڕوست و ناوچەکە چەندە دڵپاک، دەستڕەنگین و بەخشندە بوون. ئەوان دەیانویست بەرەکەتی زەوییەکەیان بۆ هەمووان بێت و هیچ دراوسێ یان هەژارێک لەو بەرهەمە بێبەش نەبێت. ئەمە تەنیا کۆکردنەوەی پاشماوەی بەرهەمێک و هەندێک جویز نەبوو، بەڵکو گوزارشتە لە لوتکەی مرۆڤدۆستی، هاوکاریی کۆمەڵایەتی و دڵسۆزی.
فەرهەنگۆک (ڕوونکردنەوەی وشە ڕوستایییەکان)
پاشەلۆک: بریتییە لەو بەشە جویزەی لە کاتی کۆکردنەوەی سەرەکیدا لەژێر دارەکە یان لە باغەکەدا دەمێنێتەوە (یان ئەوەی سمۆرە شاردیویەتییەوە)، خاوەنەکەشی بە ئارەزووی خۆی و بە دڵێکی فراوان بۆ خەڵکی تری جێدەهێڵێت.
جویز: هەمان گوێزە بە لهجە و دەربرینی ناوچەکە.
شوو: داری درێژ کە بۆ تەکاندن و لێدان لە لق و پۆپی دارجویز بەکاردێت بۆ خستنەخوارەوەی بەرهەمەکە.
داکوتان : پرۆسەی لێدان لە لق و پۆپی دارجویز بە شوو یان هەر هۆکارێکی تر، بە مەبەستی خستنەخوارەوەی جویزەکان.
نەریت: بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەفتار، باوەڕ و ڕێچکەی کۆمەڵایەتی کە لە باوباپیرانەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە و دەبنە بەشێک لە شوناس و ڕەوشتی جێگیری کۆمەڵگە.
دۆڵی ڕوست: یەکێک لە دۆڵە هەرە ناودار، دڵگیر و سەرنجڕاکێشەکانی ناوچەی شاخاویی باڵەکایەتییە لە هەرێمی کوردستان.

































































