“ئەوانەی قەرزی پێشینە لە كاتی خۆ ناگەڕێنەوە سزا دەدرێن”
سێ هەزار هاووڵاتی دیكە مامەڵەی وەرگرتنیان تەواو كردووە
پشتیوان كەریم- سۆران:
لە دیدارێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، فەرهاد جەلال مستەفا، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، باس لە پرسی پێشینەی خانووبەرە دەكات و رێژەی سوودمەندبووانی ئەم پێشینەیە ئاشكرا دەكات، هەروەها وردەكاری دەستپێكردنەوەی پێشینەكە و رێنماییەكان لەرێگەی ئەم دیدارەوە دەخاتەڕوو.
لەدەستپێكی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، دەڵێت:” دەستپێكردنەوەی پێشینەی خانووبەرە بۆ ساڵی داهاتوو دەگەڕێتەوە سەر توانا و باری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە ئەگەری لێكتێگەیشتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی لەسەر پرسی مووچە و بوددجە، ئەوا ئەگەری هەیە دەستپێدەكرێتەوە، بەڵام پڕۆژەی قەرزی خانووبەرە پێشینەكە لە سەر هەبوونی تاپۆ دەكرێت، ئەمەش زۆر گرفتی بۆ ئێمە دروستكردووە، هەروەها ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لقەكانی بانكی نشتیمان و رافیدەین رەشیدیش، رێكبكەوێت و هاوئاهەنگبن، لەو رێگەیەشەوە ئەگەری دەست پێبكرێدنەوەی پێشینەی خانووبەرە هەیە، بەلام هێشتا بە فەرمی بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەرنەچووە .
فەرهاد جەلال، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، دووپاتی دەكاتەوە:” لەساڵانی رابردوو نزیكەی 12 هەزار كەس لە سنووری ئیدارەی سۆران سوودمەندی پێشینەی خانووبەرە بوونە، كە چوار قەزاو 13 ناحیەو 485 گوند بوون، هاوكات پێدانی پَشینەكەش بۆ سنووری گوندەكان زیاتر بوو بەبەراورد بە بە شار و قەزاكان، بەو پێییەی لە گوندەكان 25 ملیۆن دینار و بۆ نێو شار 20 ملیۆن دینار دیاری كرابوو.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، لەبارەی پابەند بوونی هاووڵاتییان بە گەڕاندنەوەی پێشینەكان، ئاشكراشی دەكات:” بەگشتی لەم دوو ساڵانەی دووایدا، گەڕانەوەی قەرز زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەش كردنی موچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا، بەشێكی زۆر هاووڵاتییانیش پارەكە دەگەڕێننەوە، ئەو كەسانەشی قەرز لە وادەی خۆشیدا ناگەڕێننەوە ئەوا ئاگاداریان دەكەینەوە گەر بەو ئاڕاستەیەش نەیگاڕاندەوە، ئەوا رێكارەكان لە گەڵ ” كەفیل ” لە پڕۆسەی وەرگرتنی قەرزەكە دەگرینەبەر، بەڵام خۆشبەختانە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە و رێژەیەكی باشی خەڵك لە ئێستادا قەرزەكەی دەگەڕێننەوە، چونكە بە نەگەڕاندنەوەی سزای دارایی دەچێتە سەر حسابەكەی، بۆیە بەگشتی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان بە رێژەی %70 قەرزەكان دەگەڕێننەوە.
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەری سۆران، ئەوەشی خستەڕوو:” گوندنیشنان لە پێشینەی خانووبەرە زیاتر سودمەند بوون، ئەمەش وای كرد گوندەكان ئاوەدانییەكی زیاتر بەخۆیەوە ببینن و ژمارەیەكی یەكجار زۆر خانووی نوێ دروست بكرێن، بە جۆرێك سێ ئەوەندە لەگوندەكان خانوو دروستكراون، بە شێوەیەكی گشتی لە سنوورەكەمان نۆ هەزار هاووڵاتی گوندەكان سوودمەند بوون لە پێشینەی خانووبەرە و زیاتر لە چوار هەزار كەسیش لە سەنتەری قەزاكان سوودمەند بوونە .
فەرهاد جەلال، گووتیشی:” هەمان رێنمای پێشتر هەن بۆ وەرگرتن و مامەڵەی پێشینەی خانووبەرە، بەڵام بۆ كاركردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی پێویستە، نزیكەی سێ هەزار كەسیش مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەیان لە ئیدارەی سۆران تەواو كردووە و چاوەڕوانی وەرگرتنی دەكەن، رۆژانەش بۆ پێشینە داواكاریمان پێشكەش دەكەن، بەڵام ئێمە مامەڵەیان بۆ ناكەین تا ئەوكاتەی بە فەرمی دەستپێدەكرێتەوە، داواكاریشم لە هاووڵاتییان قەرزەكانییان لە كاتی خۆیان بگەڕێننەوە، چونكە لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی سزا و سووی دەچێتە سەر و بڕە پارەیەكیان لەسەر ئەژمار دەكرێت”.