ئەمریكا و ئیران وێڕای بەردەوامیان لە هێرش كردنە سەر یەكتر هەڕەشەی تووندتر لە یەكتری دەكەن .
لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی لەناو بردنی سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەكات، لە لای خۆشییەوە بارەگای خاتەمولئەنبیا لە رێگەی عەلی عەبدوڵڵاهی گووتەبیژیانەوە رایگەیاند، ئەمریکا ئەوە بکات هەموو بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە لەناو دەبەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ئەیلول مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا، هەر کاتێکیش ئەو کارە بکات یان هەوڵی بدات، نەوتهەڵگرەکانی لەدەست دەدات”.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم: سەبارەت بە لەناوبردنی پێنج تانکەری نەوت کە بە گوتەی ئەوان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون. ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو هەوڵانەی لە دوو رۆژی رابردوودا بە ئامانجی پێکانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بە مووشەکی بالیستی درابوون.
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئەمریکا هەڕشەی بەئامانجگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان دەکات دەشڵێت: ئەمریکا ئەوە بکات هەموو بەرژەوەندییەکانی لە ناوجەکە لەناو دەبەین.
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا هەڕەشەی ئامانجگرتنی سێ کەشتیی نەوتکێشی ئێرانییان کردووە.
ناوبراو جەختی کردەوە لە حاڵەتی ڕوودانی هەر پەلامارێک بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکان، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە شێوەیەکی فراوان و توند وەڵام دەدەنەوە.
فەرماندەکە ئاماژەی بەوە کرد کە وەڵامدانەوەکەیان بە شێوەی دروستکردنی ئامانجی گەورە دەبێت لەسەر بنکە سەربازییەکان و سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا.

































































