رۆژان قیاس – زاری كرمانجی
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ئیدارەی سۆران، لە رێگەی زاری كرمانجییەوە باس لە ساڵی 2022 و هاتنی ساڵی نوێ دەكات و دەڵێت” ئومێد دەكەم چۆن لە 2022 ساڵی هێنانەكایەی فەرمانگە گرینگەكانی ناو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو، بەدیهێنانی ئاواتەكانی هاوشاریانمان بوو، ساڵی داهاتووش ساڵی وەبەرهێنان و خۆشگوزەرانی بێت، بۆ خستنە سەرپێی گەنج و لاوانی شارەكەمان و گەیشتن بە خەونەكانیان .
زیاتر گووتی:” لە چەند مانگێكدا لە ساڵی 2022 كۆششی رژدمان كرد بۆ دانانی پلان و بەدواداچوون بۆ پێویستیەكانی شاری سۆران و چەندان پرۆژەمان وەگەڕخستنەوە و چەندان پرۆژەی دیكەشمان كردۆتە پلان بۆ ساڵی نوێ لە ژێر فەرمان و ڕێنمایەكانی جەنابی سەرۆكی حكومەت”.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سۆران، لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو” هەموو توانامان دەخەینە گەر بۆ ئەوەی تەواوی پرۆژەكان بخەینە واری جێبەجێكردن بەم كارانەشمان گەنج و لاوانمان دڵخۆش بن و ببنە خاوەن یەكەیەكی نیشتەجێبوون و كار و پیشەی خۆیان، ئەمساڵ ساڵی بناخە دانان و پلانی هەمیشەی خەمخۆری و دڵسۆزیمان بوو بۆ هاتنەدی ئاواتی چەند ساڵەی شاری شەهیدان و پێكەوەژیان بۆ ئامانجە نەبڕواییەكانیان، بەلێن دەدەین كۆڵ نەدەین و ماندوو نەبین بۆ خزمەتی شار بە گوێرەی راسپاردەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی”.
دلڤان عومەر، گووتیشی:” ناخۆشترین رۆژ ئەوكاتانەن كە كەسێكی نزیك كۆچ دەكات، لەنێو ئەم ئەزیزانەش مامۆستا و شانازی نەبڕاوەمان باپیرەم ( محمدامین دەرگەڵەیی )یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بوو كە مرۆڤێكی دووربین و چیایەك لە ورە، گیان و ژیانێكی پر لەسەروەری و سەربەرزی بۆ كوردستان بەڕێ كرد دەتوانم بڵێم ناخۆشترین رۆژم بوو، هەروەها رۆژە خۆشەكان لای من ئەم رۆژانەن كە دانیشتوانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەتایبەت و هەموو كوردستان بە گشتی لە پرۆژەیەك یاخود لە بڕیارێك سوود مەند ببن و دڵخۆشببن و ئێمەمانانیش دڵخۆش دەبین”.