زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی زانیارییەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ” سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی لەلایەن بەغداوە نەنراوە بۆ دابین كردنی نەوتی پێویست بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردن دەستپێدەكات، بەڵام گوشار و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنی وەرزی سەرما، نەوت بۆ سەرجەم خێزانەكان دابین بكرێت و بەسەریان دابەش بكرێت”.
ئاماژە بەوەش دەكرێت، شێوازی دابەشكردنی نەوتەكە، بە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی دەبێت و هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی پێ دەدرێت. نرخی ئەو بڕە نەوتەش 105 هەزار دینار دیاری كراوە، وەك تێچووی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەكان”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی، پێشنیاز و داواكارییەكانی خۆی سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بەنزین و سووتەمەنی خستە بەردەم پەرلەمانی عێراق. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات كە 26 و 27ـی مانگی رابردوو، لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و داوای پێشكەشكردنی پێشنیازەكانیان كرد.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە ئامانجی دابینكردنی بەنزینی 450 دیناری و جۆرەكانی دیكەی سووتەمەنی بە هەمان بڕ و نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم پەرلەمان. یەكەم بژاردە ئەوەیە كە 14%ـی نەوتی خاوی دابینكراو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی عێراق، كە دەكاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بدرێتە هەرێمی كوردستان. بژاردەی دووەمیش ئەوەیە بە بڕی 14%ـی بەنزین و سووتەمەنی دابینكراو بۆ عێراق، پشك بۆ هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت. لە بەرامبەر ئەمەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە رایگەیاند: “ئەم نووسراوە كۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا كە دەیانوت هەرێمی كوردستان ئامادە نییە 50 هەزار بەرمیل نەوتەكە رادەست بكات”.
شێروانی داوای لە نوێنەرانی كورد كرد لەپێناو بەدیهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، یەكگرتوو بن. ئەو جەختی لەوە كردەوە پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ناچار بكرێت هەر خزمەتگوزارییەك پێشكەش بە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكات، بە هەمان نرخ و بەپێی رێژەی دانیشتووان بۆ هەرێمی كوردستانیش دابینی بكات.
دەشڵێت: “ئێستا كێشەی بەنزینە و بەیانیش كێشەی نەوتی سپی لە وەرزی زستاندا دەبێت، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە هەوڵی دابینكردنی تەواوی بەرهەمە سووتەمەنییەكان بدەین”.

































































