شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
ماوەیەكە جۆرە پەتایەك لە نێو خەڵكدا بڵاوبووتەوە و سەرەتا تەنها منداڵان تووشی دەبوون، لە ئێستادا گەورەكانیش بە سەختی تووشی دەبن و مەترسیدارە .
لەو بارەیەوە، د. سۆران زراری، پزیشكی پسپۆڕی هەناو، سەبارەت بەم پەتایە بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پێویستە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە وریا و هوشیار بین، چونكە بە دیاری كراوی تووشی رێڕەوی هەناسەدان دەبێت، ئەم ڤایرۆسە وەك هەڵامەت نییە كە تەنها دوو رۆژ كەمێك ئازارت هەبێ و پژمین بكەی و كۆتای پێبهێت، ئەم پەتایە بۆ تووشبووان زیاتر ئازاری هەیە كە تایەكی زۆر و ئازاری زۆری جەستە و ماسوولكە، ناڕەحەتی گەدە و كۆئەندامی هەناسەدانی دەبێت.
زیاتر گووتی:” تووشبووەكە لە زۆر رووەوە تووشی گرفت دەبێت، بەتایبەت كاتێك كە بەكتریا لەگەڵ ڤایرۆسەكە كێبڕكێ دەكات و كەسەكە تووشی هەوكردنی بەكتریا دەبێت، دواتر نەخۆشەكە تووشی كۆكەیەكی تووند و سەرئێشە دەبێ هەندێكجار خوێنیشی لەگەڵە، ئەمەش نزیكەی 7 تا 10 رۆژ دەخایەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو:” بۆ پارێزگاری لە تەندرووستی و خۆپاراستن لێی، رێگە نەدرێت ئەم ڤایرۆسە ببێتە بەكتریا، واتە هەركات هەستت بەم دەردە كرد، پێویستە پشوو بدەیت، شوێنەكەت گەرم بێت، زۆر خۆت ماندوو نەكەی، زۆر قسە نەكەی، خواردنی تیژ و بەهارات نابی بخورێت، هەروەها ئاوی سارد نەخۆیتەوە، هەر كات تووشی تا، كۆكەی بە بەلغەم بوویت پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت و لە خووتەوە هیچ دەرمانێك بەكار مەهێنە، تا كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان دروست نەكات”.