ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد، نزیکەی پەنجا فەرماندەی باڵای سەر بە دەستەی سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت؛ ئەوەش لە ڕێگەی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ بەهۆی دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار لەسەر کەمبوونەوەی جبەخانەی وڵاتەکەیان بۆ میدیاکان.
تۆڕی سیبیئێس ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ بە توندی لە دزەپێکردنی نهێنییە سەربازییەکان تووڕەیە، هاوکات خستنەژێر لێکۆڵینەوەی ئەم ژمارە زۆرەی سەرکردە باڵاکان بە ڕووداوێکی دەگمەن لە مێژووی سوپای ئەمریکادا هەژمار دەکرێت و هەڕەشەی سزادانیشیان لەسەرە.
سەرچاوە ئاگادارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم ئەو فەرماندانەی پشکنینی ئامێری ئاشکراکردنی درۆیان بۆ کراوە لێی دەرچوون و شیاوییان سەلمێنراوە، بەوەش تا ئێستا بە تەواوی نادیارە کێ لە پشت دزەپێکردنی نهێنیی کۆگاکانی چەکەوە بووە.

































































