ئامادەكردن: ڕائیب زراری
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر تۆماركردنی داستانی خواكوركدا تێدەپەڕێت، كە تێیدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی، پاش 46 ڕۆژ خۆڕاگری، توانییان چۆك بە سوپای عێراقی ئەو كاتەدا بدەن.
لە 19 تەممووزی 1988 بە چەند ھەفتەیەك بەرلەوەی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق – ئێران بەتەواوی رابگیرێت، رژیمی بەعس ھێرشێكی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگاركراوەكانی شۆڕشی كوردستان لە دەڤەری خواكورك دەست پێكرد، بەڵام پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی لە رووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە كە ئەوكات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنراو شەڕێكی بەرگری كەم وێنەیان ئەنجامدا .
ئەو شەڕە بەرگرییە، ھەتا 5ـی ئەیلوولی ھەمان ساڵ بەردەوام بوو. داستانی خواكوڕك شەڕێكی بەرەیی 46 رۆژی بوو، كە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆكەی جەنگی و تەنانەت چەكی كیمیاویشی تیدا بەكارھێنا. لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەكانی كوردستان خۆڕاگرانە توانیان زیانێكی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەكەی رژێمی عێراق بگەیەنن، داستانەكە لە رووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێكی مەزنی ھەبوو، چونكە پێشمەرگە دەسكەوتێكی زۆری لە چەك و تەقەمەنی ھەبوو. لە رووی سیاسیشەوە پووچكردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو كە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق ئێران، بەرگری و شۆڕشی كوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواكوڕك زۆر لە ھاوكێشە و خەونەكانی حكوومەتی بەغدای لەناوبرد.
داستانی خواكوڕك، نموونەیەكی شكۆداری كۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونكە لەساتەوەختێكدا تۆماركرا، كە حكوومەتی عێراق زنجیرە ھێرشی ئەنفالە بەدناوەكانی دەستپێكردبوو و درێژەشی پێدەدا و شاری ھەڵەبجەیشی بە چەكی كیمیایی بۆردمان كردبوو. بە ھەزاران گوندی كوردستانی كاولكردبوو، خەڵكەكەی ئاوارە و سەرنگووم كردبوو، ئاوەدانی و جەنگەڵەكانی چۆڵ و كانییەكانی ژەھراوی كردبوو، ھەر بۆیە پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان لە خواكوڕكدا سەركەوتنێكی وایان بەدەستھێنا، كە بۆ باری سیاسی و سایكۆلۆژی كورد و شۆڕشەكەی زۆر پێویست بوو. ئەو داستانە لە ناوچەیەكی بەرتەسكدا تۆماركرا، كە حكوومەت زیاتر لە 15 لیوای سەربازی بەكارھێنابوو.
سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەكانی خواكوڕكدا لە وتەیەكیدا بۆ پێشمەرگەكان پێشبینی ئەوەی كرد، كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا زۆر شت رووندەبێتەوە و بارودۆخی ناوخۆ بەگشتی دەگۆڕێت، یا ئەوەیە دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاكەی بشوات.
سەرۆك بارزانی لە وتەكانیدا پێشبینی كرد بارودۆخی عێراق، پاش وەستانی شەڕ زۆر خراپ دەبێت و گرفتە ئابووری و كۆمەڵایەیتیەكان و ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقە، ئاریشەی مەزن بۆ رژێم دروست دەكەن.
داستانی خواكوڕك، تەنیا شەڕێكی بەرەیی و پارتیزانانەی پێشمەرگە نەبوو، بەڵكوو سەركەوتنێكی سیاسیش بوو. ئەو سەركەوتنە لە كاتێكدا بوو سوپای عێراق لە دێوەزمەی شەڕی ھەشت ساڵە رزگاری ببوو، كە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھان پشتیوانیان لێدەكرد. حكوومەتی عێراق بەشێكی زۆری كوردستانی وێرانكردبوو، گوندەكانی چۆڵ كردبوو، كە جاران ببوونە پشتێنەیەكی دڵنیایی و ئەمنی بۆ پێشمەرگە. بەرگری پێشمەرگە لە داستانی خواكوڕك، توانی دیكتاتۆریەت بەچۆكدا بھێنێت و سەربەخۆیی خەباتی رەوای كورد و گیانی مەقاوەمەتی پێشمەرگە بۆ ھەموولایەك دەربخات.
وتاری سەرۆك بارزانی لە خواكوڕك، وەك بەڵگەیەكی مێژوویی و گرنگ تائێستا ماوەتەوە، ھەروەك پێشمەرگە بەشدارەكانی ئەو داستانە دەڵێن، ئەو وتارە گڕو تینێكی زیاتری بە ئەوان بەخشی، بۆ سەركەوتن بەسەر دوژمن.


































































