دادگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی گەندەڵی لە عێراق، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تەڵاڵ زەوبەعی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دەستپاکی پەرلەماندا سەپاند، لەگەڵ بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و داراییەکانی بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی گەنجینەی دەوڵەت.
بەگوێرەی بڕیاری دادگا، دەست بەسەر 22,168,000 دۆلار و 5,000,000,000 دیناری زەوبەعیدا دەگیرێت. ناوبراو خاوەنی 19 خانوو و 4 باڵەخانە بووە لە ناوخۆی عێراق، ئوردن و قەتەر، لەگەڵ 5 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز لە جۆرەکانی لاندکروز، مێرسیدس و GMC. هاوکات لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، بڕێکی زۆر پارەی کاش، 17 تەسبیحی گرانبەها و 10 کاتژمێری دەستی مارکە دۆزراونەتەوە.
لە دانیشتنی دادگادا، هاوژینی پێشووی زەوبەعی شایەتیی داوە کە ناوبراو بۆ خۆدزینەوە لە ئاشکرابوون، بەشێک لە موڵکەکانی بە ناوی خزمەکانییەوە تۆمار کردووە. دادگا جەختی کردووەتەوە کە زەوبەعی ئازاد ناکرێت تاوەکو تەواوی ئەو بڕە داراییانەی لێی سەندراوە بۆ دەوڵەت نەگەڕێنێتەوە.

































































