دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، بە فەرمی ئیدانەی هێرشکردنە سەر هاندەران و پاسەکانی گواستنەوەی یانەکەی لە شاری بەغدا کرد، کە پاش کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەولێر و شورتە لەلایەن کۆمەڵێک هاندەری یانەی شورتەوە ئەنجامدرا و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر.
بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمیی یانەی هەولێر، هێرشەکە زیانی گەیاندووەتە پاسەکانی گواستنەوەی هاندەران کە بۆ پاڵپشتیی یانەکەیان چووبوونە بەغدا. دەستەی کارگێڕی یانەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەزگاکانی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی یانەی شورتە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە بە شێوەیەکی جددی لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە بکەن، تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە و لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە یانەی هەولێر جەختی لە پێویستیی هێشتنەوەی کێبڕکێکان لە چوارچێوەی گیانی وەرزشیدا کردووەتەوە و داوای کردووە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە مەترسیدارانە بکرێت.

































































