مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی “
میدیاكانی كۆریای باشوور بڵاویانكردووەتەوە كە حكومەتی وڵاتەكەیان ئامادەكاری دەكات بۆ ناردنی هێز و كەرەستەی سەربازی بۆ گەرووی هورمز بۆ یارمەتیدانی دەستەبەركردنی ئازادی هاتوچووی كەشتیوانی.
هاوكات ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە حكومی و سەربازییەكان، لە ڕاپۆرتێكی دا ئەم هەواڵەی پشتراستكردەوە و ڕایگەیاند ” ئەگەر بڕیارەكە یەكلایی بكرێتەوە، كۆریای باشوور بەنیازە تا كۆتایی ئەمساڵ هێزی سەربازی ڕەوانەی ناوچەكە بكات.”
لە راپۆرتەكەی ڕۆیتەرز هاتووە “لە ئێستادا حكومەتی كوریای باشوور كار بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمان دەكات و ڕەنگە لەم مانگەدا پلانی ناردنی هێز لە پەرلەمان پێشكەش بكات.”
ئەم پێشهاتە دوای رەخنە توندەكانی ترەمپ هات لەو وڵاتە كە ڕەتیكردبووە هاوكاری ئەمەریكا بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆماری ئیسلامی.

































































