ئەحمەد کامەران
نووسەر و چالاکی سیاسی
خانەقین لەدرێژایی مێژووی خۆیدا شارێکی ڕەسەنی کوردی بووە ، تا ڕۆژی ئەمڕۆش ناسنامەی کوردی بوونی خۆی پاراستووە ، هیچ کاتێک خانەقینیە ڕەسەنەکان سازش ناکەن بۆ بستێک لە خاکی خانەقین ، هەرگیز نەیان هێشتووە دیمۆگرافیای و کلتوری ئەوشارە بگۆڕدرێت. خانەقین لەکۆنەوە بەشاری پێکەوە ژیان ناسراوە. بەڵام لە ئێستایە دەستێکی شۆڤێنزم لەپشتی ئەو پێکەوە ژیانەدا کار لەسەر گۆڕینی ناسنامەی خانەقین دەکرێت ، هەوڵدەدەن شارەکە لەناسنامە و فەرهەنگی کوردبووندا دووری بخەنەوە بیگۆڕن بۆ شارێکی عێراقی بەتەواوەتی، لە ڕێگای هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ شارەکە.
خانەقین بەیەکەم شادەماری ئابوری عێراق ناسرابوو ساڵی ١٩٢٧ خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی بەناوی “نەفتخانە” بوو .شایەنی باسە ئەم شارە جوانە لە درێژایی مێژووی خەباتی سیاسیدا ڕۆڵێکی کاریگەری بووە لە شۆڕشەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردا . بەدەیان ڕۆڵەی قارەمان و فەرماندەی ئازا تێیدا هەڵکەوتن و گیانی خۆیان بەخشیوە لە پێناو ئازادی کوردستان . خانەقین واتە شارەکەی لەیلا قاسم بووکی کوردستان .
سەبارەت بە پرسی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەشێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆدا لەبەردەم شەپۆلێکی گەورەی گۆڕینی دیمۆگرافیادایە ، جێگای سەرنجە حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرسەدا زۆر بە ساردی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات ، بەردەوامی ئەم شەپۆلە و سنوردارنەکردنی ،داهاتووی هەرێم دەخاتە ژێر کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و فەرهەنگی دا.
خانەقین هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێم ، بێبەش نەبووە لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریبدا ، دەتوانین بڵێن لە ئێستایە ئەم شارە شکۆدار و بێ کەسە باجە گەورەکەی دەدات . ئەمەش بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی تەواوەتی هێزە کوردییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەم شارەدا . گرنگە لەم کاتەدا لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بەلاوە بنێن ئاوڕێکی جدی لەسەر داهاتووی پێگەی کورد لەتەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان بدەنەوە ، چیتر ڕێگە نەدەن خانەقین و ناوچەکانی دیکەی سەر بە مادەی ۱٤۰ بکرێنە قوربانی یارییە سیاسییەکانی بەغداد .

































































