زاری كرمانجی
ڕاگەیاندنی سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا، بڵاوی كردەوە: “لە چوارچێوەی بەدیارخستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەجیهانیکردنی ئازارە مێژووییەکانی گەلی ئاشووری و بە هەماهەنگییەکی هاوبەش لەنێوان (سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا)، (سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دهۆک)، و (یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی ئاشووری)، ڕێوڕەسمێکی شکۆمەند بۆ یادکردنی ڕۆژی ئەنفالی ئاشوورییەکان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
بەم مەبەستە، شاندێکی باڵای سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا بە سەرۆکایەتی مامۆستا ایڤان جانی (سەرۆکی سەنتەر) و مامۆستا یوئێل ججۆ (جێگری سەرۆک)، گەیشتنە شاری دهۆک و لەلایەن ناوەندە ڕێکخراوەیی و کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. هاتنی ئەم شاندە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکییە کولتوورییەکان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی توانای دامەزراوە ئاشوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی یادەوەری مێژوویی.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، مامۆستا ایڤان جانی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا، وتارێکی زانستی قووڵی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕێژەی کارەساتەکە بەپێی شوێن و جوگرافیا و جەختی لەسەر پێویستیی بە بەڵگەکردنی کرد بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیی لە ڕێگای کارکردنی ئەکادیمی.. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە یادکردنی ئەم مێژووە خوێناوییە، لە لاوازی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی مانەوە و بەرگریی شارستانی لە ڕێگای کولتوور و زمانەوە.
ئەم چالاکییە هاوبەشە وەک هەنگاوێکی گرنگ لە مێژووی کاری هاوبەشی ڕێکخراوەیی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.. لە كۆتاییشدا، بە پێشکەشکردنی چەندین بۆچوون و پێشنیاز لەلایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی بە بڕگەكانی هات، بە ئامانجی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە کولتوورییەکان لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا.

































































