زاری كرمانجی
سەرۆکی بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵ رایگەیاند: بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی و هەڵهاتن لە ئەرک زیاتر لە 3500 ئەفسەر و کارمەندیان لە ریزەکانی وەزارەت دەرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-9-2026، مقداد میری رایگەیاند، وەزارەت رێکارێکی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی پابەندبوونی پیشەیی لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا گرتووەتەبەر، هیچ پارێزبەندییەک بۆ هیچ کەسێک نییە ئەگەر تێوەگلانی لەو کەیسانەدا بسەلمێت کە پەیوەندییان بە پاکوخاوێنییەوە هەیە یان ناوبانگی دامەزراوەکە لەکەدار دەکات.
گووتیشی ” وەزارەتی ناوخۆ رێکاری تووندی گرتووەتەبەر کە بەهۆیەوە 38 ئەفسەر بەتەواوەتی لە خزمەت دەرکراون، ئەم بڕیارەش دوای پشتڕاستکردنەوەی تێوەگلانیان لە کەیسەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی هاتووە، لەپاڵ ئەوانەدا، 180 کارمەند بەهۆی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا و بە هەمان هۆکار لە خزمەت دوورخراونەتەوە، هاوکات 3 هەزار و 245 کارمەندیش کە لە ئەرکەکانیان هەڵهاتبوون، لە ریزەکانی وەزارەت دەرکراون”.
هاوکات گوتی: “پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوە بێ جیاوازی بەردەوام دەبێت، چونکە پاراستنی دامەزراوە ئەمنی و بەهێزکردنی پابەندبوون لە ریزەکانیدا، بنەمایەکی گرنگە بۆ بونیاتنانی دەزگایەکی ئەمنیی پیشەیی کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت و شکۆی دەوڵەت بپارێزێت”.


































































