ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
توێژینەوەیەکی ئاژانسی سی ئێن ئێن (CNN) دەریخستووە بەکارهێنانی زۆری مۆبایل لە لایەن گەنجانەوە، وای کردووە ژمارەیەکی زۆریان لە شەوانی پێش ڕۆژانی خوێندن تا درەنگ بەبێ خەوتن بمێننەوە، لە کاتێکدا جەستە و مێشکیان لە تەمەنی گەشەکردندایە و پێویستیان بە خەوی پێویست هەیە.
سەرچاوەکە دەڵێت، ئەکادیمیای پزیشکی منداڵان لە ئەمریکا و ئەکادیمیای پزیشکی خەو پێشنیار دەکەن گەنجانی خوێندکار و تەمەنەکانی خوێندنگە لە شەوێکدا ٨ تا ١٠ کاتژمێر بخەون. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ نیشانی داوە کە زیاتر لە نیوەی گەنجانی ئەمریکا لە شەوانی پێش ڕۆژانی خوێندن، لە نێوان کاتژمێر ١٠ی شەو تا ٦ی بەیانی، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر یان زیاتر مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن.
بەپێی ڕاپرسییەکانی لەم توێژینەوەیە کراوە، زیاتر لە نیوەی گەنجان هەروەها لە ناوەڕاستی شەودا، لە نێوان کاتژمێر ١٢ـی شەو تا ٤ـی بەیانی، مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن. جەیسن م. ناگاتا، پرۆفیسۆری یاریدەدەری بەشی پزیشکی منداڵان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسکۆ و سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، لەگەڵ هاوکارانی داتاکانی توێژینەوەی «گەشەی مێشکی گەنجان»یان شیکردووەتەوە، بۆ ئەوەی شێوازی بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن گەنجان و کاریگەرییەکەی لەسەر خەو لە کاتەکانی شەودا بخەنەڕوو.
توێژینەوەکە بە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی مۆبایل لە شەودا و زیانەکانی بۆ گەنجان نەسەلماندووە، بەڵام توێژینەوەکانی پێشوو نیشانیان داوە کە تێکچوونی خەو دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی و ڕەفتاری مرۆڤ هەبێت.
دکتۆر مەری ئەی. کارسکادۆن، پرۆفیسۆری دەروونناسی و ڕەفتاری مرۆڤ لە زانکۆی براون دەڵێت، “بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی خەو دەرفەتی خەوتن کەم دەکاتەوە و ئەمەش دەتوانێت وا لە گەنجان بکات نەگەنە ئەو بڕە خەوەی پێویستیانە.”
بەپێی توێژەرەکان، کەمبوونی خەو بە شێوەیەکی گشتی کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای مێشک و جەستە دادەنێت، بەڵام ئەم کاریگەرییە بۆ گەنجان گرنگترە، چونکە لەم قۆناغەی تەمەندا مێشک و جەستەیان هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان. کەمبوونی خەو دەتوانێت توانای بیرکردنەوە و فێربوون لاواز بکات و کۆکردنەوە و هەڵگرتنی زانیارییە فێربووەکانی ڕۆژانە بۆ تاک قورستر بکات.
کارسکادۆن ئاماژەی بەوەش کردووە کە فێربوون یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی قۆناغی گەنجی؛ لە خوێندنی قوتابخانە و وەرزشەوە بگرە تا فێربوونی هەڵسوکەوت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها کەمبوونی خەو دەتوانێت توانای کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆزەکانیش لاواز بکات. لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣دا، کۆمەڵێک گەنجی تەندروست لە تەمەنی ١٤ تا ١٧ ساڵ بەشدارییان کرد و بۆ ماوەی سێ هەفتە شێوازی خەوتنیان لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا.
لە هەفتەی یەکەمدا خەوی ئاساییان هەبوو، لە هەفتەی دووەمدا خەویان بۆ تەنیا ٦ کاتژمێر و نیو کەمکرایەوە، و لە هەفتەی سێیەمدا دووبارە بۆ ١٠ کاتژمێر خەوی تەندروست بەدەستهێنرا. توێژینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل، بە تایبەتی لە کاتەکانی پێش خەوتن و ناوەڕاستی شەودا، دەتوانێت دەرفەتی خەوی پێویست بۆ گەنجان زیاتر بکات.


































































