ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاوی کردووەتەوە کە جەخت لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زانست و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە پشتیوانیکردن لە پەروەردە و فێربوون، لەگەڵ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، بەشێکە لە دیدگای گشتیی دەزگاکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
لە چوارچێوەی ئەم ڕوانگەیەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کتێبی «ڕێبازێکی نوێ بۆ بابەتی هاوچەرخی کورد لە ڕوانگەی چینییەوە» بۆ وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی هەڵبژاردووە؛ کتێبێک کە لەلایەن پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو، شارەزای بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەی ئەم بوارە لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی چین، نووسراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان کتێبەکە پشت بە زیاتر لە ١٥ ساڵ توێژینەوە و کاری زانستی و مەیدانیی نووسەر دەبەستێت و هەوڵ دەدات پرسی کورد لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و جیوپۆلیتیکیی جیاوازەوە بخاتەڕوو و ڕەهەندە سیاسی و هەرێمییەکانی ئەم پرسە شیکاربکات.
لە سەردانێکی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ چین و دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ نووسەری کتێبەکە، بڕیاری داوە کتێبی «ڕێبازێکی نوێ بۆ بابەتی هاوچەرخی کورد لە ڕوانگەی چینییەوە» بگوازرێتەوە سەر زمانی کوردی.
کتێبەکە لە چەند تەوەرێکی سەرەکی دەدوێت، لەوانەش شیکردنەوەی پرسی کورد لە دیدگای ئەکادیمیی چین، بارودۆخی کورد لە چوار وڵاتی ناوچەکە، هۆکارەکانی ئاڵۆزی و نەبوونی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ پرسی کورد، هەروەها کاریگەریی کۆڵۆنیالیزم، بەرژەوەندیی هێزە دەرەکییەکان و پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە ناوچەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی باوەڕی وایە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئەم جۆرە توێژینەوە زانستییانە بە خوێنەرانی کورد، دەتوانێت بە دەوڵەمەندکردنی سەرچاوە کوردییەکان و ناساندنی دیدگای ناوەندە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پرسی کورد یارمەتی بدات. توێژینەوەکە هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەیشتن بە ئاواتە درێژخایەنەکانی کورد تەنیا بە پەرەپێدانی تواناکانی ناوخۆیی بەدەست نایەت، بەڵکو پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە سیاسی و یاساییەکان، دیموکراتیزەکردن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشەوە.


































































