ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
نرخی گازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپا بەهۆی پەرەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی دابینکردنی وزە، بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ١٨ مانگی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە.
بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، گرێبەستە ئایندەییەکانی گازی هۆڵەندی کە وەک پێوەری سەرەکیی نرخی گاز لە ئەوروپا دادەنرێت، لە دەستپێکی مامەڵەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا نزیکەی ٦.٥٪ بەرزبووەتەوە. بەوەش نرخی گاز بەراورد بە سەرەتای مانگی تەممووز نزیکەی ٧٠٪ زیادیکردووە. ئەم بەرزبوونەوەیە لە بازاڕەکانی وزەدا لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە هاوکاتە؛ بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی نوێی کردە سەر ئامانجێک لە ئێران و مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورموز، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهان، زیادبوون.
لە ماوەی ڕابردوودا هەڕەشەی پچڕانی گواستنەوەی گازی سروشتیی شل (LNG) لە ڕێگەی گەرووی هورمز، فشارێکی زیاتری خستووەتە سەر بازاڕەکانی وزە. ئەوروپا، کە بۆ جێگرتنەوەی بەشێک لە گازی روسیا پشت بە هاوردەکردنی LNG دەبەستێت، لە هەمان کاتدا بە نیگەرانییەکی زیاتر چاوی لە دۆخی دابینکردنی گازە.
ئەوروپا لە کاتێکدا بەرەو وەرزی زستان دەچێت کە کۆگاکانی گازی بە تەواوی پڕ نەکراونەتەوە. بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، ئاستی پڕبوونی کۆگاکانی گاز لە ئەوروپا نزیکەی ٦٥٪ـیە، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئاستێکی نزمە. کەمبوونی پاشەکەوتی گاز وایکردووە بازاڕی وزەی ئەوروپا هەستیارتر بێت بەرامبەر هەر پچڕانێکی لەناکاوی دابینکردن، بە تایبەتی لە کاتێکدا پێویستی بە گاز لە مانگە ساردەکانی ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
لەگەڵ کەمبوونەوەی بەردەستبوونی گازی شل، کێبڕکێ لەنێوان کڕیارە ئەوروپی و ئاسیاییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی ئەم جۆرە گازە توندتر بووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخ لە ئەوروپا دەتوانێت هان بە فرۆشیاران بدات بڕێکی زیاتر لە LNG بۆ ئەو بازاڕە بنێرن، بەڵام ئەمەش کۆست و فشار لەسەر کڕیاران زیاد دەکات.
دوایین داتاکان نیشان دەدەن کە نرخی گازی هۆڵەندی ٥.٩٪ـی تر بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٣.٩٥ یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک؛ بەرزبوونەوەیەک کە لەگەڵ بەردەوامبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی گەرووی هورموز و دابینکردنی وزە هاوکاتە.


































































