مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جارێكی دیكە شەڕ و پێكدانان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەستی پێكردەوە، دەستپێكی هێرشەكەش هەروەكوو (سێنتكۆم) ئاماژەی بۆ كردووە هێزەكانیان هێرشیان كردووەتە سەر سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكی ئێران لە دوورگەی لارك. لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەك و درۆن چەند ناوچەیەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردە ئامانج.
شەوی سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، سوپای ئەمریكا شەپۆلێكی چڕتری هێرشەكانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئێران دەستپێكرد و بە پێی سەرچاوە میدیاكان زیاتر لە 50 فرۆكەی جەنگی ئەمەریكا بەشدارییان لەم هێرشەدا كردبوو .
هاوكات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند “هێرشەكانیان بۆ سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی، رادارەكان، دامەزراوە دەریاییەكان، تواناكانی مینڕێژكردن و پێگەكانی پەیوەندیكردنی سوپای پاسداران بوو.”
سەبارەت بە هێرشەكانی ئەمەریكا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویكردەوە “دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەكانی بەندەر عەباس، دوورگەی قیشم و دوورگەی لاڤان (كە وێستگەیەكی هەناردەكردنی نەوتە) بیستراون.”
میدیاكانی ئێرانیش بڵاویان كردەوە فڕۆكەخانەی جیرۆفت لە پارێزگەی كرمان كرایە ئامانج و چوار مووشەكیش بەر ناوچەكانی چابەهار و كۆنارەك كەوتن.
بەرپرسێكی خوزستان رایگەیاند “ئەمریكا هێرشی مووشەكی كردووەتە سەر ناوچەكانی دەوروبەری ئەهواز و ئاغاجاری.”
لەلایەكی دیكەشەوە، مانگی سووری ئێرانی بڵاوی كردەوە “پاشماوەی مووشەكێكی ئەمریكی بەر زەماوەندێك لە شاری كوهەستەك لە پارێزگەی سیریك كەوتووە و بووەتە هۆی كوژرانی چوار كەس (لە نێویاندا منداڵێك) و برینداربوونی زیاتر لە 50 كەس.”
دوای هێرشەكەی ئەمەریكا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلوول سوپای پاسداران هێرشێكی بەرفروانی مووشەكی و درۆنی بۆ سەر بنكە و بارەگا و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ئوردن، كوێت، بەحرێن و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.
سوپای پاسداران بە مووشەكی بالیستیكی هێرشی كردە سەر بنكەی مەشقی مارێنزی ئەمریكا ناسراو بە (كەمپ تیتین) لە كەنداوی عەقەبە نزیك سنوورەكانی ئیسرائیل و سعودیە لە وڵاتی ئوردن.
سوپای ئوردن لە راگەیاندراوێكی دا ئاشكرای كرد ” 10 مووشەكی ئێرانییان لە ئاسماندا تێكشكاندووە و سێ مووشەكیش لە ناوچە چۆڵەكان كەوتوونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێ بكەوێتەوە.”
لە لایەكی دیكەشەوە سوپای كوێت رایگەیاند “سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی هێرشێكی مووشەكی و درۆنی داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتیان كرد رێنماییەكان جێبەجێ بكەن.”
هاوكات لە بەحرێنیش، دوای بیستنی زەنگی ئاگاداركردنەوە، سوپای ئێران رایگەیاند، رادار و پێگەكانی كۆبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكایان لە بنكەی ئاسمانیی شێخ عیسا بە درۆنی بۆمبڕێژكراو كردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران ئەوەشی پشتڕاست كردەوە كە بە مووشەك و درۆن بنكەكانی ئەمریكایان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردووەتە ئامانج.
لە راگەیاندراوەكەی سوپای پاسداران باس لەوەش كراوە “ئەمریكا لە ئاهەنگەكەی سیریك نزیكەی 70 كەسی خەڵتانی خوێن كردووە، “بۆیە كاتی كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەمریكا هاتووە.”
سوپای پاسداران هۆشداری دایە هەر یەك لە وڵاتانی ( كوێت، بەحرێن و ئوردن ) كە ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكانیان دەرنەكەن و بنكەكانیان لێ نەسەننەوە، ئەوا لە هەر شوێنێكەوە هێرش بكرێتە سەر ئێران، رووبەڕووی وەڵامی كوشندە و وێرانكەر دەبنەوە.


































































