ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە پشتبەستن بە ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک، بڵاوی كردەوە كە ، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا پێی ڕایگەیاندووە: ڕووسیا هاوبەشی سەرەکیی بازرگانی و ئابووری ئەرمەنستانە؛ تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦، داهاتی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ٢.٥ ملیار دۆلار.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا زیاتر لەمبارەیەوە قسەی كردووە و گووتوویەتی : خواستی ئەرمینیا بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا مافی ڕەوای خۆیەتی، بەڵام ئەمە کێشە دروست دەکات، لەوانەش لە پێوەندی لەگەڵ ئەندامێتی لە یەکێتیی ئوراسیا. بەرهەمی ناوخۆیی ئەرمینیا لە دوای پەیوەست بوونی بە یەکێتیی ئابووریی ئوراسیا سێ ئەوەندە زیادی کردووە و هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە دە هێندە زیادی کردووە.
ڤلادیمێر پوتین زیادی کرد: تا زووتر ئەرمینیا بڕیاری پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپا بدات، باشترە. پێویستە مۆسکۆ بزانێت چۆن پەیوەندییەکانی پەرەپێبدات. مۆسکۆ هەمیشە پشتگیری لە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و قازانجی هاوبەش لەگەڵ یەریڤان کردووە؛ ئەمەش لە بەرژەوەندی بنەڕەتی ڕووسیا و گەلی ئەرمەنستاندایە. کۆمپانیا ڕووسیەکان ئاسایشی وزەی ئەرمینیا بەهێز دەکەن و گەورەترین باجدەری ئەو وڵاتەن.


































































