بڕیاردەری لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ڕایگەیاند کە هیچ جۆرە “نمرەی بڕیارێک” لە پۆلی 12دا نییە و تەنیا سیستەمی “کێرڤ” پەیڕەو دەکرێت؛ هاوکات ڕێکارە یاساییەکانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو قوتابییانە ڕوون کردەوە کە لە یەک یان دوو بابەتدا دەمێننەوە.
هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان ئاماژەی بەوە کرد، پێدانی “کێرڤ” لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵادایە و پاش کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانی هەر خولێک و بەپێی ڕێژەی دەرچووان یەکلا دەکرێتەوە، کە دوو جۆری هەیە؛ کێرڤی گشتی بۆ سەرجەم وانەکان، و کێرڤی تایبەت بۆ گۆڕینی نمرەی بابەتەکان (بۆ نموونە لە 40 بۆ 50).
ئەم ڕوونکردنەوەیەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە ئەنجامی خولی دووەمی پۆلی 12 ڕاگەیەندرا و تێیدا لە کۆی 117,142 قوتابی، بە هەردوو خولەکە 40,046 کەسیان لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەرچوون.
سەبارەت بە مانەوەی قوتابییان لە یەک یان دوو بابەتدا، مەعروف ڕوونی کردەوە کە قوتابی بۆی هەیە تاوەکو 2 ساڵ تەنیا تاقیکردنەوە لەو یەک یان دوو بابەتە بکاتەوە کە تێیدا کەوتووە. بەڵام ئەگەر بۆ ساڵی 3یەم هەر دەرنەچوو، مافی نامێنێت و دەبێت سەرلەنوێ تاقیکردنەوەی بەرایی (تەمهیدی) لە هەر 7 بابەتەکە بکاتەوە، تاوەکو مافی بەشداری لە تاقیکردنەوەی کۆتایی سەرانسەریی هەمەلایەنە بۆ هەردوو وەرزەکە بەدەستبهێنێتەوە.


































































