پرۆسەیەکی فرەلایەن و چڕ بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەڕێوەیە.
بەپێی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش، بڕیارە هەزاران چەکداری ئەو رێکخراوە بگەڕێنەوە نێو خاکی تورکیا و لە هەمان کاتدا 2200 چەکداری دیاریان لە سنووری شنگال بچنە نێو ریزەکانی سوپای عێراقەوە.
رۆژنامەی (حورییەت)ـی نزیک لە حکوومەتی تورکیا، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، پڕۆسەی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە جێبەجێ دەکرێت. رادەستکردنی چەکەکان لە هەولێر و سلێمانی بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت و سەرجەم چەکەکان دوای کۆکردنەوە و پشکنین، دەخرێنە نێو لیستی تۆماری فەرمییەوە.
لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان 7000 بۆ 8000 چەکداری پەکەکە لە عێراق و سووریاوە بگەڕێنەوە تورکیا، لەگەڵ گەڕانەوەی 8000 کەسی سڤیل لە دانیشتوانی کەمپی مەخموور. هاوکات لە ئەوروپاش کە پەکەکە خاوەنی 70 بۆ 80 هەزار لایەنگرە، بەشێکی بەرچاویان دوای دەرچوونی یاسای نوێ دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
بەپێی ئەو یاسایەی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری ئامادەی دەکات، تەنیا ئەندامانی ئاسایی سوودمەند دەبن و لێخۆشبوونەکە 230 سەرکردەی باڵا و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە راستەوخۆ دەستیان لە کوشتندا هەبووە، هەروەها دۆسییەی ئەو کەسانەش کە ئێستا لە زیندانەکاندان، بە یاساکەدا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.
وەک رۆژنامەکە نووسیویەتی، دەزگای میت بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێریی چۆڵکردنی پێگە و بارەگاکانی پەکەکە دەکات و راپۆرتی کۆتایی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەکات. پڕۆسەی فەرمیی گەڕانەوەی ئەندامان کاتێک بەتەواوی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دڵنیا ببنەوە پەکەکە سەرجەم (چالاکییە نایاساییەکانی) لە عێراق، سووریا و ئەورووپا بەیەکجاری راگرتووە.


































































