مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەستەی حەشدی شەعبی، چۆڵكردنی بارەگاكانی لە پارێزگای ئەنبار ڕەت كردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە سەرجەم بارەگا و سەربازگەكان بەپێی پلانە ئەمنییە پەسەندكراوەكان ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
دەستەكە لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەو هەواڵانەی باس لە چۆڵكردنی بارەگاكانی دەكرێت لە پارێزگای ئەنبار ڕەت كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ پەیوەندییەكیان بە واقیعەوە نییە.”
قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی ڕایگەیاند “سەربازگەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی میحوەری ئەنباری حەشد بە شێوەیەكی ئاسایی و بە بەرزترین ئاستی ئامادەیی بەردەوامن لە جێبەجێكردنی ئەركە ئەمنییەكان و ئەو سپاردنەی پێیان دراوە،”
جەختی لەوەش كردەوە “سەرجەم بارەگا و سەربازگەكان بەپێی پلانە ئەمنییە پەسەندكراوەكان ئەركەكانیان ئەنجام دەدەن.” و گوتیشی “بارودۆخی ئەمنی لەژێر كۆنترۆڵدایە.”


































































