مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی میدیاكانی بەریتانیا، حكومەتی ئەو وڵاتە خەریكی ئامادەكارییە بۆ فراوانكردنی ڕێوشوێنەكانی دژی چالاكییە نیشتەجێكردنەكانی ئیسرائیل و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەری .
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان، حكومەت تاوتوێی قەدەخەكردنی هاوردەكردنی هەموو ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانە دەكات كە لە ناو نیشتەجێگاكاندا بەرهەم دەهێنرێن.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە ئیسرائیل تەندەرێكی بۆ دروستكردنی نزیكەی 1200 یەكەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی (E1) ڕاگەیاند و بەریتانیاش ئەم هەنگاوە بە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەگەری پێكهێنانی دەوڵەتێكی فەلەستینی یەكگرتوو لە ڕووی جوگرافییەوە دەبینێت.
ئێد میلیباند، وەزیری بەریتانیا ڕایگەیاند كە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا حكومەت پاكێجێك لە ڕێوشوێنەكان وەك وەڵامێك بۆ سیاسەتەكانی ئیسرائیل ئاشكرا دەكات و جەختی لەوەش كردەوە “پرۆژەی (E1) قبووڵ نەكراو و وێرانكەرە و لەندەن بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەوەی كە بە تێكدانی چارەسەری دوو دەوڵەت ناوی دەبات.”


































































