ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “پڕۆسەی تیرووپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی کە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج خۆیان تۆمار کردووە، لەم مانگەدا دەستی پێدەکات.”
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، ڕایگەیاند، “بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر لە 116 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و بڕیارە لەم مانگەدا ناوی حاجییانی دیاریکراو بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەستنیشان بکرێت.
کاروان ستوونی هەروەها ئاماژەی بە نامەکانی نێردراو بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان کرد و گوتی، ئەم نامانە بە دوو جۆر دابەش دەبن؛ بەشێکیان بۆ ئەو کەسانە نێردراوە کە کێشە یان کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە و داوای لێکراوە بۆ چاککردنەوەی بەڵگەکان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بکەن، کە ژمارەیان دەگاتە 1500 کەس.
جۆری دووەمی نامەکانیش بۆ ئەو هاووڵاتییانە نێردراوە کە مامەڵەکانیان تەواوە و بەشدارییان لە پڕۆسەی تیرووپشکی ئەلیکترۆنی پشتڕاست کراوەتەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەهۆی زۆریی ژمارەی خوازیارانەوە، ئەمساڵ پڕۆسەی ناونووسین و تیرووپشکەکە بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و پێشکەوتوو بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی دیاریکردنی ناوی حاجییان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕوون.
لە هەمان کاتدا، گوتەبێژی حەج و عومرە ڕایگەیاند، لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا 5 هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج ڕوویان لە سعوودیە کردووە؛ لەوانە 2 هەزار و 368 ئافرەت و 2 هەزار و 752 پیاو بوون.


































































