ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پڕۆژەیەکی گشتگیر دەکات بۆ گەشەپێدان و نوێکردنەوەی تواناکانی هێزەکانی پۆلیس، ئەوەش بە ئامانجی هاوتەریبکردنیان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان بۆ هاووڵاتییان.
دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، “چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا پایەیەکی سەرەکیی پرۆسەی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەنگاوە نوێیەکانی وەزارەتەکە ئامانجیان بەرزکردنەوەی کوالێتیی مامەڵەی کارمەندانی پۆلیسە لەگەڵ هاووڵاتییاندا، بە شێوازێک کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت.”
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان تیشکی خستە سەر بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەی جەماوەر بە دەزگا ئەمنییەکان و گوتی: “ئامار و ڕاپۆرتەکان دەریانخستووە کە ڕای گشتی متمانەیەکی بەهێزی بە هێزەکانی پۆلیس هەیە، بە جۆرێک لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گرفتێکدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەنا بۆ بنکەکانی پۆلیس دەبەن.”
سەبارەت بە پرۆسەی ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکان، میرانی ڕوونی کردەوە “وەزارەتی ناوخۆ بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێم خولی ڕاهێنانی تایبەت بە سەرپەرشتیی شارەزایان و ڕاهێنەرانی بیانی بۆ کارمەندانی پۆلیس دەکاتەوە، تاوەکو مۆدێلێکی هاوچەرخ لە بەڕێوەبردن و چاکسازیی ئەمنی لە هەرێمدا بەرقەرار بێت.” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی خەڵک کرد لە پاراستنی ئارامیدا و ئاماژەی بەوە دا کە ئاسایش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد ببنە هاوکار و یارمەتیدەری پۆلیس لە ڕێگری کردن لە تاوان و دەستنیشانکردنی تاوانباراندا.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە کەرتی ئەمنییدا و ئاشکرای کرد کە سەرپەرشتیکاری سەرەکیی پڕۆژەی چاکسازیی پۆلیس ئافرەتێکە. جەختیشی کردەوە کە وەزارەت بەردەوام دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئافرەتان تاوەکو بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار بن لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییاندا.


































































