ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ساڵنامەی خوێندنی زانکۆکان و ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٦–٢٠٢٧ بڵاوکردەوە.
بەپێی ساڵنامەکە، ساڵی خوێندنی نوێ لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٦ دەست پێدەکات و لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ کۆتایی دێت، بە پشتبەستن بە جۆری سیستەمی خوێندنی هەر دامەزراوەیەکی ئەکادیمی.
بەپێی ڕێنماییە نوێکان:
لە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکانی پەیڕەوکەری سیستەمی خوێندنی ساڵانە، ماوەی خوێندن نابێت لە ٣٠ هەفتە کەمتر بێت. لە سیستەمی خوێندنی وەرزیشدا، ماوەی خوێندنی هەر وەرزێک نابێت لە ١٥ هەفتە کەمتر بێت. ئەم ماوەیە ڕۆژانی تاقیکردنەوە و پشووی فەرمی لەخۆناگرێت.
دامەزراوە ئەکادیمییەکانی پەیڕەوکەری پڕۆسەی بۆلۆنیا دەبێت هەر وەرزێکی خوێندن لانی کەم ٢٠ هەفتە بێت؛ کە لەو ماوەیەدا ١٤ هەفتە بۆ وانەوتنەوە و پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان بەکاردێن، بەگوێرەی ماددەی (٣)ی ڕێبەری جێبەجێکردنی پڕۆسەی بۆلۆنیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
لە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکانی سیستەمی سێ وەرزی، ماوەی هەر وەرزێک دەبێت لانی کەم ١٣ هەفتە بێت؛ کە لانی کەم ١٠ هەفتەی بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت.
هەروەها، خوێندکارانی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی پەیڕەوکەری پڕۆسەی بۆلۆنیا لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمیدا مافی ئەوەیان هەیە تەنها دوو جار بەشداری تاقیکردنەوەی کۆتایی ببن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت دەکاتەوە کە زانکۆکان و دامەزراوە خوێندنییەکان دەبێت ئەم ڕێنمایی و ماوە دیاریکراوانە لە ساڵی خوێندنی نوێدا پەیڕەو بکەن.

































































