ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئاژانسی هەواڵی بی بی سی (BBC News) ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی دەخاتەڕوو کە ئاماژە بەوە ژەمەکانی خواردن تەنیا بۆ تێرکردنی برسییەتی نییە، بەڵکو ڕەنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەروونی و مێشک هەبێت و تەنانەت یارمەتیدەر بێت بۆ ژیانێکی درێژتر.
بەپێی ئەم توێژینەوەیە، بەشکردنی ژەمی خواردن لەگەڵ کەسانی تر، دەتوانێت مەترسیی خەمۆکی کەم بکاتەوە، پارێزگاری لە مێشک بکات و مەترسیی نەخۆشییەکانی وەک دیمەنشیا کەم بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چێژی مرۆڤ لە خواردن زیاتر بکات.
یان-ئێمانوێل دە نیڤ، پرۆفیسۆری ئابووری و زانستی هەڵسوکەوت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت، “هاوبەشکردنی ژەمەکان ڕێگایەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، دروستکردنی متمانە و پەیوەندیکردن بە کەسانی تر، و ئەمەش کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر خۆشگوزەرانی مرۆڤ هەیە.”
هاوکات، توێژینەوەیەک کە لەلایەن شینی وانگ و هاوکارانی لە ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکانی پارێزگای جێجیانگ لە چین ئەنجامدراوە، نزیکەی ٩٣٦١ ئافرەت لە تەمەنی ٦٠ ساڵ و سەرووتری لەخۆگرتووە، ئەنجامی توێژینەوەکە نیشانی داوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی خواردندا لە دەوری مێز دادەنیشن، پەیوەندییەکی ڕوونی بە مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکییەوە هەیە.
ئەم پەیوەندییە تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هەندێک فاکتەری تری کاریگەر لەسەر خۆشگوزەرانی، وەک تەندروستیی گشتی، دۆخی دارایی و ئەوەی کەسەکە بە تەنیا دەژی یان نا، هەر بەردەوام بووە.
بەپێی ڕوونکردنەوەی توێژەران، ئەمە دەریدەخات کە خواردن بە کۆمەڵ ڕەنگە کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر تەندروستی دەروونی هەبێت. لە هەمان کاتدا، دە نیڤ دەڵێت، “ئەگەری ئەوە هەیە پرسیارکردن لەسەر خواردن لەگەڵ کەسانی تر، تەنها نیشانەیەک بێت بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ، بەڵام پێیوایە خواردنی هاوبەش خۆی تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە.”
بەگوێرەی داتاکانی توێژینەوەکە، ژاپۆنییەکان بە تێکڕا کەمتر لە چوار ژەم لە هەفتەیەکدا لەگەڵ کەسانی تر خواردن دەخۆن، لە بەریتانیا و ئەمریکاش ئەم ژمارەیە دەگاتە نزیکەی حەوت تا هەشت ژەم، لە کاتێکدا لە ئیتالیا دەگاتە نزیکەی نۆ ژەم لە هەفتەیەکدا.
ئیتالیا بە کەلتووری خواردنی کۆمەڵایەتی و کۆبوونەوە لەسەر مێز ناسراوە. یونسکۆش کاتێک خواردنی ئیتالیایی وەک میراتی کەلتووریی ناماددی تۆمار کرد، جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ژەمەکان کردەوە لە بەستنەوەی خێزان و کۆمەڵگا، چ لە ماڵەوە، چ لە قوتابخانەکان و چ لە بۆنە و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەم شێوەیە، شارەزایان پێشنیار دەکەن کە خواردنی هاوبەش لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان دەتوانێت لەگەڵ چێژبردن لە خواردن، بەشداری لە بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و پشتگیریکردنی خۆشگوزەرانی دەروونیش بکات.


































































