شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
د. كامەران محەمەد مەلا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ساڵی نوێ نزیكە و هەوڵدەدەین لەرووی تەندروستییەوە باشترین خزمەت پێشكەش بە گەشتیاران بكەین، بۆیە هەموو پلانەكانمان ئامادەن لەرووی دەرمان، هێلی گەرم، تیمەكانی تەندروستی و بەرنامەی ئیشكگری لە فریاكەوتنەكان و…هتد، بەتایبەت رواندز، خەلیفان، وەرتێ و سمیلان، كە گەشتیاران بەهۆی بەفر بارینەوە سەردانیان دەكەن، هەروەها لیژنەمان هەیە كە هەفتەی دوو رۆژ سەردانی نەخۆشخانەكان، فریاكەوتن و بنكە تەندروستییەكان دەكەن بۆ هەر كەموكورتییەك یان سەرپێچیەكان، بە بڕوای من ئەگەر لە هەر كارێك دا چاودێری نەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم كارە سەركەوتوو نابێت و ناتوانیت لە نزیكەوە ئاگاداری داواكارییەكان بیت، بۆیە چاودێریكردنمان بەردەوام دەبێت”.
ئەوەشی خستەروو” هێلی گەرم لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانە، هەر كێشەیەك رووبدات ئاگادارمان دەكەنەوە، ئەوانەی لەسەر ئەم هێلەن بەرپرسی دارایی، جێگری بەڕێوەبەر و بەرپرسی نووسینگەن، ئەوان دەتوانن راستەوخۆ بڕیار بدەن و كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم هێلە دەكەینە گشتی بۆ هەموو هاووڵاتییەكانی ئیدارەی سۆران، كە 24 كاتژمێر بەردەوام لە خزمەت هاووڵاتییان دەبێت و بۆ هەر حاڵەتێك دەتوانن پەیوەندی بكەن”.