محەمەد باپیر
لە کۆتاییدا، مەزلوم عەبدی بڕیارەکەی خۆی دا و ئەو بڕیارە، لە ڕوانگەی منەوە، بڕیارێکی واقعبینانە و گونجاوە؛ چونکە کورد دەڵێت: (ئەوی لە شەڕ نەبێت، شیری تیژە).
بێگومان، ئەو ڕووداوە زۆر ڕەهەند و لایەنی جیاوازی هەیە و نابێت تەنها لە یەک زاویەوە سەیری بکرێت. ئەوەی بە کوردانی سوریە دراوە، لە ئێستادا دەسکەوتێکی گرنگە و پێویستە بە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ چونکە ئەم دەسکەوتە دوای دەیان ساڵ لە نکۆڵیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە سوریە بەدەست هاتووە.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تەنانەت مافی دانانی ناسنامەش بە بەشێک لە کوردانی سوریە نەدەدرا، ئەمە جگە لە نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەیی، کلتووری و زمانییەکانیان. بۆیە هەر هەنگاوێک کە کورد بتوانێت لە ڕێگەی سیاسی و یاساییەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی بەدەستی بهێنێت، نابێت بە کەم سەیر بکرێت.
دوو ڕوانگە لە باشووری کوردستان
لە باشووری کوردستان، لێرە و لەوێ گوێبیستی ڕەخنە دەبین کە دەڵێن: «کورد تەسلیم بووە و نابووایە بەم شێوەیە ڕازی بێت.» ئەم ڕوانگەیەش لە سۆنگەی خەمخۆری و نیشتمانپەروەریی تاکی کوردەوە دێت و دەکرێت تێی بگەین.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، دەبێت واقعەکەش ببینین. هەموو کورد حەز و ئارەزووی ئەوەی هەیە کە گەلەکەی زیاتر دەسکەوت بەدەست بهێنێت؛ بەڵام لە سیاسەتدا هەمیشە ئەوەی دڵمان دەیەوێت، ئەوە نییە کە لە توانای دەستپێگەیشتنماندایە.
لە ڕاستیدا، ئەگەر کورد بتوانێت هەندێک ماف و دەسکەوت بەدەست بهێنێت، باشترە لەوەی هیچ دەسکەوتێکی نەبێت. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، پێویستە دۆخی ئێستای کورد لە سوریە بە وردی ببینین.
کورد لە سەردەمی شەڕی داعشدا پشتیوانی و هاوپەیمانییەکی بەهێزی ئەمریکای هەبوو و لە بەرەی شەڕی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. بەڵام ئەو بارودۆخە ئێستا وەک خۆی نەماوە و هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکان گۆڕاون. ئەمەش واتە ستراتیژی کورد لە سوریە دەبێت لەگەڵ بارودۆخی نوێدا خۆی بگونجێنێت.
جوگرافیاش سیاسییە
کوردستانی ڕۆژئاوا لە ڕووی جوگرافی و بارودۆخی سیاسییەوە جیاوازیی زۆری لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە.
باشووری کوردستان ناوچە شاخاوی و سەختی زۆری هەیە و لە هەندێک شوێندا ئەم جوگرافیایە دەتوانێت یارمەتیدەری بەرگری و پاراستنی ناوچەکە بێت. بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا جیاوازە؛ ناوچەکە لە هەندێک لایەنەوە بە دوژمن و فشارە سیاسی و سەربازییەکان دەورەدراوە و هەمان ئەو مەودایەی جوگرافیایی و ستراتیژییەی باشوور نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کورد لە ڕۆژئاوا لە ماوەی ساڵاندا توانیویەتی هەنگاوی گرنگ بۆ ناساندنی زمانی کوردی و مافە نەتەوەیی و کلتوورییەکانی خۆی بنێت. ئەم دەسکەوتانە نابێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێن.
بڕیاری مەزلوم عەبدی؛ سیاسەت یان تەسلیمبوون؟
بە لێکدانەوەی گشتیی بارودۆخەکە، من پێم وایە مەزلوم عەبدی بڕیارێکی واقعبینانەی داوە بۆ دۆخی ئێستای کورد و بەتایبەتی بۆ داهاتووی کورد لە سوریە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە مەزلوم عەبدی حەزی لەوە نییە کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان هەرێمێکی فیدراڵی یان سیستەمێکی کۆنفیدراڵی هەبێت. بەڵکو دەکرێت ئەو ئارەزووەی وەک کوردێک هەبێت؛ بەڵام سیاسەت تەنها بە ئارەزوو ناکرێت، بە هەڵومەرج و توانای بەدەستهێنانی ئامانجەکانیش پەیوەندی هەیە.
لە قۆناغێکدا کە هاوسەنگیی هێزەکان لەبار نییە، هەڵبژاردنی شەڕ دەتوانێت ئەو دەسکەوتانەش لەدەست بدات کە کورد بە خوێن و ماندووبوون بەدەستی هێناون.
لەبەر ئەوە، ئەگەر مەزلوم عەبدی دەڵێت: «باشترین بژاردەم هەڵبژاردووە»، دەکرێت ئەم وتەیە لە چوارچێوەی سیاسەتی واقعبینانەدا بخوێندرێتەوە، نەک بە مانای دەستبەردان لە هەموو ئامانجەکانی کورد.
سیاسەت «فنّ الممكن» ـە
لە کۆتاییدا، پێم وایە سیاسەت «فنّ الممكن» ـە؛ واتە هونەری بەدەستهێنانی ئەوەی لە کات و بارودۆخێکی دیاریکراودا دەکرێت بەدەستی بهێنرێت.
سیاسەت بە حیکمەت و هۆشیاری دەکرێت، نەک بە کەللەڕەقی و حەماسەت و هاتوهاوار.
بۆیە ئەگەر کورد لە سوریە بخوازێت قۆناغێکی نوێی سیاسی دەست پێ بکات، پێویستە چوار بنەمای سەرەکی لەبەرچاو بگرێت:
یەکەم: کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بنەڕەتیی سوریە بە فەرمی بناسرێت.
دووەم: داننان بە کورد وەک دووەم نەتەوەی سوریای نوێ و دابینکردنی یەکسانی لە ماف و ئەرکدا، بەبێ جیاکاری.
سێیەم: مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد بە شێوەیەکی ڕوون لە دەستووری داهاتووی سوریەدا جێگیر بکرێن، تاکو مافەکان تەنها بەڵێنی سیاسی نەبن.
چوارەم: زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی بناسرێت و خوێندنی زمانی کوردی و پاراستنی کلتور و ناسنامەی کوردی مسۆگەر بکرێت.
لە کۆتاییدا، نابێت هەر بڕیارێکی سیاسی کە لەگەڵ هەموو ئاوات و ئارەزووەکانی ئێمە ناگونجێت، بە «شکست» ناوببرێت. هەندێک جار سیاستەمدار دەبێت لە نێوان «ئەوەی دەمانەوێت» و «ئەوەی ئێستا دەتوانین بەدەستی بهێنین» جیاوازی بکات.
کورد لە سوریە پێویستی بە قۆناغی نوێیە؛ قۆناغێک کە تێیدا دەسکەوتەکان بپارێزرێن، مافەکان بە یاسا جێگیر بکرێن و دەرگای دەسکەوتی زیاتر بۆ داهاتوو کراوە بێت.


































































